باڵیۆزخانەی عیراق لە ئەمریکا وەڵامی دواین لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە، کە لێکتێگەیشتنی ئەمنی نێوان و عیراق و ئێرانی رەتکردبویەوە.
باڵیۆزخانەی عیراق لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی لێدوانی تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، بەغداد پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا دەپارێزێت، لەوانەش ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی، هەروەها دەخوازێت پەیوەندیەکانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش بنیاتبنێت.
جەختیشیکردەوە، عیراق ملکەچی سیاسەتی هیچ وڵاتێک نییە و بڕیارەکانی لە ئیرادەیەکی نیشتمانی سەربەخۆوە سەرچاوە دەگرن.
باڵیۆزخانەی عیراق رونیشیکردەوە، رێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بەشێکە لە هەماهەنگی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات بۆ پاراستنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکانیان، کە ئەوەش هاوکاردەبێت لە سەقامگیری هەردوو وڵات و ئاسایشی ناوچەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی بەیروت.
لاریجانی لە فڕۆکەخانەکەوە رایگەیاند، "خەڵکی لوبنان بۆ ئێمە ئازیزن و لە هەموو رەوشێکدا لە تەنیشتیان دەوەستینەوە".
سەردانەکەی لاریجانی بۆ بەیروت بە ساتێکی "چارەنوسساز" لە مێژووی لوبنان دادەندرێت، بەو پێیەی سەردانەکە "پەیامی سیاسی و ئەمنی گرنگی" هەڵگرتووە.
ئەم سەردانە چەند رۆژێک دوای لێدوانە چارەنووسسازەکانی ئێران دێت، کە رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەک لە دەست رێکخراوە چەکدارییەکانی دەرەوەی سوپا رەتدەکاتەوە.
ئەم هەنگاوانەش هاوکاتە لەگەڵ دیمەنێکی ئاڵۆزی ناوخۆی لوبنان، بەو پێیەی هەڵوێستەکان دابەشبوون لە نێوان پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی حکومەت بۆ چەکداماڵین وەک هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، لەبەرامبەردا حزبوڵڵای لوبنان رەتیدەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی نێوان خۆسەریی و دەسەڵاتی دیمەشق دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، تێكەڵكردنەوەی هەسەدە وەك بەشێك لە سوپای سوریا خزمەتی سەقامگیریی وڵاتەكە دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، پاریس و واشنتۆن پێكەوە پشتیوانی لە دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق دەكەن و هەوڵی لەیەکتر نزیككردنەوەی تێڕوانینەكانی هەردوولا دەدەن.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، فەرەنسا لە پێناو سەقامگیریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر گرنگی بە بەشداری و تێكەڵبونی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا دەدەن.
هەروەها پاریس جەختی لەوەكردووەتەوە، هاوشێوەی رابردو پابەندە بە دۆزینەوە چارەسەری ئاشتییانە بۆ سوریایەكی ئازاد و سەقامگیر.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوە كردوەتەوە، پێویستە بۆ بونیادنانی سوریایەكی بەهێز لە ناوچەكە و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەوڵی نزیككردنەوەی دید و بۆچونی خۆسەریی باكوری سوریا و حكومەتی كاتیی دیمەشق بدرێت.
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.
روبیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی سەرقاڵی پڕۆسەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و بەچڕی کار لەسەر ئەوە دەکەن، وتیشی پرۆسەکە "درێژ و ئاڵۆزە، بەڵام کارەکان بەردەوامن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "روونە کە لقی جیاوازی ئیخوان موسلیمین هەیە، بۆیە دەبێت هەر لقێک دەستنیشان بکرێت"دەشڵێت، "بەردەوام پێداچوونەوە بە گروپەکاندا دەکەین بۆ ئەوەی دەستنیشانیان بکەین بەو جۆرەی کە هەن، لەڕووی، "لایەنگرانی تیرۆریستان، رەنگە خۆیان تیرۆریست بن".
بەپێی وتەی روبیۆ، پڕۆسەکە "پێداچوونەوەیەکی وردی هەر لقێکی گروپەکە بە تاک لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەڵگەی روون بۆ دڵنیابوون لەوەی بڕیارەکە بەرگەی تەحەددای یاسایی دەگرێت یان نا".
مانگی رابردوو تێد کروز سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.
کروز ئیخوان موسلیمینی بە "رێکخراوی تیرۆریستی" زانی و رایگەیاند، " ئیخوان پشتیوانی لە لایەنە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس دەکات".
بە وتەی کروز، ئیخوانەکان "مەترسییەکی جددی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست دەکات".
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە هێلیکۆپتەرێک بە ناچاری لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە کەربەلا نیشتەوە، وەزارەتی بەرگری عیراقیش دەڵێت: سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە سەلامەتن.
وەزارتی بەرگری عیراق رایگەیاند، یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکانی سەربە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سوپا لە جۆری (یۆرۆکۆپتەر) ، کە ئەرکی چاودێری کردنی جوڵەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن بووە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە، بەناچاری لە جێگەیەکی سەلامەت نیشتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو روداوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوەتەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە سەلامەتن، جگە لە زیانێکی کەم بە فڕۆکەکە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیەک کە لە نزیک شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکە بووە.
وەزارتی بەرگری عیراق جەختیشیکردەوە، دەستبەجی تیمەکانی بەرگری شارستانی و هێزەئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی هێلیکۆپتەرەکە.
وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، وەزیری وزەی توركیاش دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێنتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا لە بەغداد ئاماژەی بەوەدا، عیراق دەستكەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بواری وەبەرهێنانی غاز و پاڵاوتنی نەوت و لەئێستادا كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای هەناردەكردن لە دەروازەكانی باشووری وڵات و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "عیراق تاوتوێ و وردبینی بۆ پێشنیازەكانی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری بانیاسی سوریا و بۆری تەرابلوسی لوبنان دەكات".
هاوكات، ئاڵپئاسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەگەڕێتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی ئێران دەڵێت، لە سەروبەندی جەنگی 12 رۆژەوە لەگەڵ ئیسرائیل تاوەكو ئێستا زییاتر لە 20 هەزار گومانلێكراویان دەستگیركردووە.
سەعید مونتەزەر مەهدی وتەبێژی پۆلیسی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا ئێرانییەكان رایگەیاند، 21 هەزار كەسیان لە كاتی جەنگی ئیسرائیل-ئێرانەوە دەستگیركردووە، لەو ژمارەیەش 260 كەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و 172 كەسی دیكەش بە تۆمەتی تۆماركردنی ڤیدیۆی نایاسایی دەستگیركراون.
مونتەزەر مەهدی وتیشی، دەستگیركردنی ئەو ژمارەیە لە گومانلێكراو دەرخەری ئەوەیە كە هاووڵاتیان هۆشیارن لەبارەی ئاساییشی نەتەوەییەوە و لەپێناو دابینكردنی ئاساییشێكی بەهێزتریش، زیاتر لە هەزار خاڵی پشكنینیان لە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتدا زیادكردووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە گويندهلن گرين، كونسوڵى گشتيی نوێ و ستيف بيتنهر، كونسوڵى گشتيی پێشووى ئهمریکا له ههرێمى كوردستان كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە د. هاوڕی شێخ دارۆ و تەلار لەتیف، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ پیرۆزبایی لە گويندهلن گرين کرد و پشتگیریی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە. هەروەها سوپاسی ستيف بيتنهری کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان خرایەبەر باس و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا. بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پێشخستنیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان دووپاتکردەوە.
كونسوڵى گشتيی نوێی ئەمریکا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بافڵی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە ناوچەکانی هەرێم کردەوە، چەندین کەس لە شاری هەولێر بەهۆی تەنگەنەفەسیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
سامان سەلمان بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی شەپۆلێکی خۆڵبارین شاری هەولێری گرتەوە ، 14 حالەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆڵبارینەوە لەنەخۆشخانەکانی هەولێر تۆمارکراون.
راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سەرجەم ئەو کەسانە نەخۆشخانەیان جێهیشتوە.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کوردستان کردوە و پیشبینیش دەکرێت لە سبەینێوە کاریگەریەکانی شەپۆلی خۆڵبارین لاوازبێت.
بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، 11 تیرۆریست لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق دەستگیركران.
دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە عیراق رایگەیاند، زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی گەورەیان ئەنجامداوە بۆ راوەدونانی تیرۆریستانی داعش و بەهۆیەوە توانیویانە 11 تیرۆریست دەستگیر بكەن و چەندین تونێل و ئەشكەوتی ئەو تیرۆریستانەش لە ناوچە جیاوازەكان بتەقێننەوە و لەناوببەن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەو 11 تیرۆریستەدا پێنجیان لە نەینەوا و چواریان لە ناوچە جیاوازەكانی كەركوك دەستگیركراون، هەماهەنگیشیان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم هەبووە و تیرۆریستێك لە سلێمانی و یەكێكی دیکەش لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیركراوە.
هاوسەرۆكی كۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی ئەنقەرە دەڵێت، ئۆجەلان كەسی سەرەكییە لە پرۆسەی ئاشتیدا و پێویستە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی لەگەڵ ئۆجەلان كۆببێتەوە و كۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنێت.
فێردی سیدار هاوسەرۆكی لقی ئەنقەرەی كۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی "ئۆهەدە" رایگەیاند، پێویستە ئەو كۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێكهێنراوە بە ناوی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و دیموكراسی، سەبارەت بە چارەسەری پرسی كورد لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆببێتەوە.
سیدار وتیشی، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، دەبێت بە زووترین كات كۆتایی بە گۆشەگیریی بهێندرێت و ئۆجەلان بە كەسی سەرەكی پڕۆسەكە دابندرێت.
لە عەمانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوەی سێ لایەنەی نێوان ئوردن – سوریا - ئەمریکا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە لە لایەن ئوردنەوە تایبەت بە رەوشی سوریا و رێگاکانی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریایە لەسەر بناغەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکەی دەکات، لەگەڵ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئوردنی، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و تۆماس باراک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و نوێنەری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەرسێ وڵاتەکە، بەڕێوەچووە.
کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری ئەو دانوستانانەیە کە عەممان لە 18ی تەمموزدا میوانداریی کردبوو بۆ تاوتوێکردنی چەسپاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سویدا لە باشوری سوریا و چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لێپرسراوێكی سوپای پاسدارانی ئێران رەخنە لە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران دەگرێت.
عەزیز غەزنەفەری جێگری یاریدەدەری كاروباری سیاسی لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوایین لێدوانەكانی پزیشكیان هەڵەی زۆری تێدایە و زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندی سیاسی وڵاتەكە دەگەیەنێت.
وتیشی، گۆڕەپانی سیاسی دەرەوە شوێنێك نییە بۆ وتنی هەموو راستییەكان بە راشكاوی، هۆشداریشیدا لەوەی هەر هەڵەیەك لە لایەن لێپرسراوانی باڵاوە رەنگە بە هەڵە لێكدانەوەی بۆبكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی زیان بە ئێران بگەیەنێت.
غەزنەفەری داواشی لە سەرۆك كۆماری ئێران و راوێژكارەكانی كرد، میكانیزمێك دابنێن كە ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە و زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە كەمبكرێتەوە.
پزیشكیان لە لێدوانێكیدا وتبووی، دانوستان بە مانای شكست یاخود خۆ بەدەستەوەدان نایەت، ئەو قسەیەشی هاوكات بوو لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی خولێكی دیكەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریكا.
پێشبینی دەكرێت ئەو شەپۆلی گەرمایەی روی لە عیراق كردووە كۆتایی بێت و پلەكانی گەرماش بۆ خوار 50 پلە داببەزن.
كەشناسی عیراق پێشبینی نوێی بۆ كەشوهەوا بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو شەپۆلی گەرمایەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عیراقی گرتووەتەوە، بەرەو لاوازبوون دەچێت و تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئەو گەرمایەی ئێستا كۆتایی پێدێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و لە ناوەڕاست و باشوری عیراقیش بۆ خوار 50 پلە دادەبەزن.
سادق عەتییە شارەزای كەشناسییش بڵاویكردووەتەوە، كۆتایی بە كەشی شێدار هاتووە و عیراق دەكەوێتە ژێر كاریگەریی بای باكور، كە بەشێوەیەكی گشتی بایەكی فێنكە و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەكانی گەرما.
میدیاکانی فەلەستین بڵاویانکردەوە، رێککەوتنی ئاگربەست نزیکە لەوانە راگرتنی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی سوپای میسر.
میدیا فەلەستینییەکان باس لەوەشدەکەن، رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بریتییە لە راگرتنی لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سوپای میسر لەگەڵ کشانەوەی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی تایبەت بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە رادەگەیەنێت، کە بریتییە لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی سوپای عەرەبی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا و جیهان تادێت لە زیادبووندایە کە پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە رەتدەکەنەوە و "بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبەن.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هاوردەکردنی زێڕی ئەمریکا باجی زیادەی لەسەر نابێت، هاوکات شەڕی گومرگیی لەگەڵ چین تاسەرەتای مانگی 11 درێژکردەوە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، گومرگی ئەمریکا رایگەیاند، هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی نوێ باجی نوێیان لەسەر دەبێت، بەڵام ترەمپ لە تروس سۆشیال وتی، "هیچ باجێک لەسەر زێڕ داناندرێت" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ دوای ئەوە هات کە گومرگی ئەمریکا نامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر نرخی زێڕ بە بڕی (2.8 کیلۆگرام) باجی دەخرێتە سەر، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە هەینی رابردوودا لە بازاڕی ئەمریکا.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێک کە کەناڵی سی ئێن بی سی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە نادڵنیایی چارەنووسی ئاگربەستی گومرگیی نێوان ئەمریکا و چین هێناوە، لە دوای ئیمزاکردنی فەرمانێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی 90 رۆژی دیکە تایبەت بە زیادکردنی رێژەی باج لەسەر کاڵاکان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە کە تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت، بوارێکی زیاتر دەدات بە هەردوولا بۆ دانوستان و هاوکاتە لەگەڵ وەرزی هاوردەکردنی پێش جەژنی سەری ساڵ.
بڕیار بوو باجەکانی ئەمریکا لەسەر کاڵای چینی بۆ لەسەدا 145 بەرزببێتەوە، هاوکات بڕیار بوو باجی چینی لەسەر کاڵای ئەمریکی بۆ لەسەدا 125 بەرزببێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاڵاکانیان دروستکردبوو.
لە ئێستادا هەناردەکردنی کاڵای چین بۆ ئەمریکا باجی لەسەدا 30ی لەسەرە، کە لەسەدا 10ی باجی بنەڕەتی و لەسەدا 20ی باجی فێنتانیڵە کە لەلایەن واشنتۆنەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیادکراوە.