عەمید ئەسعەد کەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە، رێگە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ھاوردەکردنی ١٠ جۆر ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ تاوتوێ دەکات، بۆئەوەی وەک عێراق رێگە بەھاوردەکردنیان بدرێت.
وتیشی، مەرج نییە رێنماییەکانی عێراق لە ھەرێم جێبەجێ بکرێن، بەڵام ھەوڵدەدرێت نزیک لە بڕیار و رێنماییەکانی عێراق لە ھەرێمیش رێگە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بدرێت و بۆ ھەر جۆرێکی ئۆتۆمبێل ٢ ملیۆن دینار رسومات وەربگیرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەئێستادا تەنھا رێگە بە ھاوردەکردنی مۆدێلەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ٢٠٢١" دەدرێت بۆ ھەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە تاقیکردنەوەی قۆناغەکانی خوێندن رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریداوە، تاقیکردنەوەی ھەموو قۆناغەکانی خوێندن لە عێراق بە شێوازی ئامادەبون لە ناو پۆل ئەنجام دەدرێن، نەک بە شێوەی ئۆنلاین.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە ھیچ پلانێکی نییە بۆ ھەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی خوێندکاران بەشێوەی ئۆنلاین.
ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار لەلێدوانێکدا بەکوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمساڵ لەسەر داھاتی شارەوانی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، ٥٠ ھەزار مەتر دووجا شەقام و گەڕەکەکانی کەلار قیرکراون.
وتیشی، جێبەجێکردنی ئەو کارە لەکاتێکدایە لەسنوری شارەوانی کەلار بەھۆی قەیرانی داراییەوە بە بەھای ٢٠ ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاری حەوت گەڕەک ڕاگیراوە
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٦ ھەزار و ٢٣٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٣ کەسی تریش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە و ٧ ھەزار و ٩٣ تووشبووش چاکبوونەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای سەرھەڵدانی تا ئێستا، ملیۆنێک و ٩٨ ھەزار و ١٨٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٩٨٦ ھەزار و ١٣٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و ١٥ ھەزار و ٦٧٣ تووشبووش بەھۆی ڤایرۆسەکە، گیانیان لە دەستداوە.
لە ھەرێمی کوردستان ٥٩٢ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١١٧٩ تووشبووی تری کۆرۆنا چاکبوونەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٥٩٢ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ١١٧٩ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
پانێڵەکە بە ھەماھەنگی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە ڕێکخراوە و بەشداربووان گفتوگۆ لە بارەی کاریگەرییەکانی دیاردەی خۆکوژی لەسەر کۆمەڵگە و ڕۆڵی میدیا و دامەزراوەکان دەکرێت.
ئاژانسی سانای ڕەسمی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد لە دیمەشق چاوی کەوتووە بە "فالح فەیاز" سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە فەیاز نامەیەکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشکەشی ئەسەد کردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، نامەکە تایبەت بووە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغداد و دیمەشق و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانیان، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی مۆڵگە تیرۆرستییەکان لە سنوورەکانی نێوانیان.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ڕژێمی بەعس لە ئیتاڵیا دەکەن، کە بە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
پێشتریش "سەفیە سوھەیل" باڵیۆزی عێراق لە ڕۆما ئاشکرایکرد، عێراق بە ڕەسمی داوای لە حکومەتی ئیتاڵیا کردووە، پارە بلۆککراوەکانی عێراق لە بانکەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکات و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیاش دڵنیاییداوە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
وەفدی تورکیا و میسڕ بە سەرۆکایەتی جێگرانی وەزیری دەرەوە دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە قاھیرە ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، لە گفتوگۆکاندا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ڕەوشی ناوچەکە بە گشتی و ڕەوشی سوریا و عێراق و لیبیا تاوتوێ کراوە و جەختکراوەتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئاشتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.
ڕوونیشیکردووەتەوە، ھەردوولا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم گەڕەی دانوستانەکان و ڕێککەوتن لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو دەکەن.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەبڕین و ڕاگەیاندن دەکات و ئازادی ڕادەبڕین بەشێکە لە ناسنامەی وڵاتەکەی و بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لێی وەک بەشێک لە بەھا سەرەکییەکان.
ڕوونیشیکردووەتەوە، چاوەڕوانیان لە حکومەتەکان لە جیھاندا ھەیە ڕێز لە دیبلۆماتکارەکانیان بگرن، کە بە ھەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆرا و جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کاروبارەکانیان بکەن.
کونسوڵخانەی ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە قورسە و ھیچ بەڵگەیەکی ڕوونی تێدا نیە کە شایەنی سزادانی دەستگیرکراوان بێت.
جەختیشی کردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئازادانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکان بەشێکە لە کاروباری دیپلۆماسی و بڕیارەکەی دادگاش دژ بە ڕۆحی دیموکراسی و دۆستایەتیانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
دەربارەی نێردە دیپلۆماسییەکانیش ھاوسەرۆک ئاماژەی بەوەدا کە "نێردە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان، بەدیھێنەری ناوچەی ئارام و پارێزەری ئەزموونی ھەرێمی کوردستانن، تۆمەتبارکردنییان بە تۆمەتی بێ بنەما، سکانداڵە و زۆر خراپ ناوبانگی ھەرێم لەکەدار دەکات". وتیشی کە پێویستە بە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان، ڕووبەڕووی ئەم پێشھاتە مەترسیدارە ڕاوەستن.
لە کۆتایشدا لاھور شێخ جەنگی داوای لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد کە دەسەڵاتی خۆی بەکاربھێنێت و دادگا لە دەستێوەردانی سیاسی بپارێزێت ھەروەھا سزای ناڕەوای سەر گەنجە دەستگیرکراوەکانی بادینان لابەرێت و ئەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بەرپەرچ بداتەوە.