وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆ، چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکراوە، بە پێی ڕێنماییەکان، ئۆتۆمبێلی بەکارھاتوو کە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دەبێت ژێرئاوکەوتوو و سوتاو و بڕاوە نەبێت و شاسیش بڕاوە یان لەحیمکراو نەبێت و ھەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشتی شوفێر کار بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگە پێدراوە ١٠ مۆدێل کەمتر لە مۆدێلی ڕێگە پێدراو ھاوردە بکرێن، بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دیناریش وەک ڕسومات وەردەگیرێت، ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لیستی تەعریفەی ئۆتۆمبێلەکانی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراو دیاری دەکات.
بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران داوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە بۆ تاووتوێکردنی دوایین پێشھاتە ئەمنیی و سیاسییەکان، لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیارە مستەفا کازمی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و ھێزی پێشمەرگەش کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێشێلکارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق و دانانی پلانێکی گونجاو بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی، لە وڵاتدا.
بەدر زیادی باسی لەوەشکردووە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەران، داوای کردووە ھەماھەنگیی تەواو لە نێوان فەرماندە ئەمنییەکان ھەبێت، بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریی ئەمنیی لە عێراقدا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەی خۆی و ھاوسەرەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن و لە پەیامێکی ھاوپێچی وێنەکاندا لە دوای خواستنی ھیوای لەشساغی بۆ ھاونیشتیمانیان، داوای لە ھاوڵاتیان کردووە کە دوودڵ نەبن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و ژیانی خۆشەویستانیان بپارێزن.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، "با ئەرکی سەرشانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی قورستر نەکەین" .
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، لە ٢٤ی ئەم مانگەوە تا ٣١ی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو، سوپای ئەو وڵاتە سێ ڕێگەی گرنگ لە دەریای ڕەش بە ڕووی کەشتی جەنگیی وڵاتانی بیانیی دادەخات، ڕوونیشیکردەوە، ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەکان، لە سنووری ئاویی ڕووسیا، دەگیرێنەبەر.
دوابەدوای بڕیارەکەی مۆسکۆش، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، نیگەرانییان لە ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش، دەربڕی.
سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاند، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا، مانۆڕێکی سەربازیی گەورە، بە بەشداری کەشتی فڕۆکەھەڵگر و زیاتر لە ١٥ ھەزار سەرباز و ٢٤٠ فڕۆکەی جەنگیی، لە ویلایەتی ئالاسکا لە باکووری ئەو وڵاتە، بەڕێوەبچێت.
وتەبێژی ھەرێمی (نانگەھار)، ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزی ئاسمانی ئەفغانستان، مۆڵگەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانیان لەو ھەرێمە بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە ٣١ چەکداری تاڵیبان کوژراون و ١٣ی تریش بریندار بوون. ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە کوژراوەکان، فەرماندەیەکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبانە.
لەلایەکی تریشەوە بەھۆی تەقینەوەی دوو بۆمب لە ھەردوو ھەرێمی (غەزنی و قەندەھار)، ٧ ھاوڵاتی کوژراون.
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ کە ٤٧ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ ھێشتا چاوی کەس و کاری شەھیدان ھەر فرمێسکی لێ دەبارێت و نەتوانراوە لانیکەم مۆزەخانەیەکی نیشتمانی لەو شارە دروستبکرێت بۆ کۆکردنەوەی وێنەی شەھید و برینداران و ساتی بۆمبارانەکە، بەڕاستی ناکرێت و نەگونجاوە دوای ئەو ھەموو ساڵە ئەو کارەساتە گەورەیە ساڵی یەک جار بخرێتەوە بەرباس و بیربھێنرێتەوە، شوێنێک نەبێت بۆ بەزیندویی راگرتن و ڕێزگرتن لەخوێن و گیانی ئەو قوربانیانە، تاوەکو بۆ نەوەی داھاتووشمان ئەو مێژووە تاڵە لەبیرنەکرێت و کارەساتەکەش وەکخۆی نیشان بدرێت.
لەبەرئەوە داواکارم یادەکانی ڕاپەڕین و مەرگەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و بالیسان و بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و ئازار و نەھامەتییەکانی تری گەلەکەمان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت و کاری ھەمەلایەنەی لەسەر بکرێت.
لەبیرەوەری ٤٧ساڵەی قەڵادزێی شەھید دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھید و قوربانیان و بریندارانی ئەو شارە دادەنەوێنین، وەفاداری و پەیمان دووپات دەکەینەوە وەک یەکێتی ھەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتی ئەو دەڤەرە کارەساتبارە و ھاوڵاتیانی خۆمان درێغی ناکەین.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٤-٤-٢٠٢١
بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، ئامانج لە دانپێدانانی ئەمریکا بەو کۆمەڵکوژیەدا ئەوە نیە کە بەرپرسیارێتیەکەی بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە زاری وەزیری دەرەوەی چاوش ئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەو بڕیارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی رەتدەکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش رایگەیاند، بە سیاسیکردنی رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەنی سێیمەوە و بەکارھێنانی وەک ئامرازێک بۆ دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی تورکیا سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت.
وتیشی، ئێمە ڕێگە نادەین بە نەمانی کلتوری پێکەوە ژیانی ھاوبەشی نێوان تورک و ئەرمەن کە سەدان ساڵ بەردەوام بووە و ئەوەی تورک و ئەرمەن کۆدەکاتەوە تەنیا بەرژەوەندی نییە بەڵکو پەیوەستبوونێکی پتەوە بە دەوڵەت و بەھا باڵاکان .
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی گرێبەستێکیان کردووە بۆ کڕینی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ژەمی تر لە ڤاکسینی کۆرۆنا.
ھاوکات د. ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای گەیشتنی ڤاکسینەکە، عێراق پشکی ھەرێم دەنێرێت.
وتیشی، بڕیاربوو ھەموو ھەفتەیەک بڕێک ڤاکسین رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و رۆژانە بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکەن، بەڵام بەھۆی دواکەوتی ھەناردەکردنی ڤاکسینەکان لە کۆمپانیاکانەوە بۆ عێراق، رەوانەکردنی ڤاکسین بۆ ھەرێمیش دوا دەکەوێت و بەپێی پێویست ڤاکسین ناگات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەمی کردووە و لە وەرزی ھاویندا کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦ ھەزار بیری ئاو و چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەسەر رووباری سیروان و زێی بچوک بۆ دابەشکردنی ئاوی ماڵان ھەیە، بەھۆی کەم بارانی و وشکە ساڵی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە، ئاوی ھەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک کەمی کردووە و لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش کانییەکان وشک بوون، ئەو دیاردەیەش لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر دابەشکردنی ئاوی ماڵان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم وتیشی، راپۆرتێکیان لە بارەی زیانەکانی کەم بارانی ئامادەکردووە و لە رۆژانی داھاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کەم کردنەوەی زیانەکان تاوتوێ دەکەن.
(کێنێس ماکێنزی) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ھێشتا ھەڵویستەکانی تاران ھەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام ناتوانن ئەمریکا پەلکێشی ھەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بکات. وتیشی، لە ئێستادا ئێران نیەتی نیشانداوە بۆ دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
(ماکێنزی) ھۆشداریشدا لە ھەرەسھێنانی سوپای ئەفغانستان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتە و ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە دوای کشانەوەیان بەردەوام نەبێت، سوپای ئەفغانستان ھەرەس دەھێنێت.
دەستەی گشتی خانەنشینی عێراق ڕایگەیاند، بە چەند ھۆکارێکی جیاجیا و دوای وردبینیکردن، مووچەی یەک ملیۆن و (٢٠٠) ھەزار خانەنشینی ڕاگیراوە و مووچەی سەرجەم خانەنشینانی شایستەش کە زیاترن لە (٢) ملیۆن و (٥٠٠) ھەزار پارێزراون.
دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئەوانەی مووچەکانیان بڕاوە، زۆرینەیان میراتگری خانەنشینکراون و زیاتر لە یەک مووچەشیان ھەیە.
ھاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لە بارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و گرنگی بەشداریکردنی نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەری سیاسی لە سوریا.
جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا پشتیوانی ئەمریکای بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نوستوەکانی داعش دووپاتکردەوە.
جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ھەر پڕۆسەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
بەھۆی زیادبوونی ئامارەکانی گیان لە دەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەی باڵای تەندروستی نیشتیمانی عێراق، پێشنیاز دەکات جارێکی تر بڕیاری قەدەغەی تەواوی ھاتوچۆ جێبەجێ بکرێتەوە، بە تایبەتی لە پارێزگای دیالە و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق.
لە بەرامبەریشدا (حەسەن تەمیمی) وەزیری تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی تەواو و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، لە ھەفتەی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا کارێکی ئەستەمە، بە تایبەتی کە ھاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نین.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی نھێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرایکردووە، ئێران ژمارەی ئەو سێنتەرفیوژانەی کەمکردووەتەوە کە تایبەتن بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێژەی لە سەدا ٦٠.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئێستا ئێران لە دوو یەکە تەنھا یەک یەکەی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەھێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای تەقینەوەکەی ئەم دواییە لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، عەلی ڕەزا زاکانی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەو تەقینەوەیەدا ھەزاران ئامێری سێنتەرفیوژ لەو وێستگەیە لەکارکەوتوون.
واشنتۆن دی سی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھیچ کورسییەکی نە لە ئەنجومەنی نوێنەران و نە لە ئەنجومەنی پیراندا نییە، ئەلینۆر ھۆڵمز نۆرتن نوێنەری واشنتۆنیش لە کۆنگرێسی ئەمریکا مافی دەنگدانی نییە.