میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، فڕۆکەیەکی نەفەرھەڵگری بچوک لە فرۆکەخانەی سمیرنا لە شاری ناشڤیڵ دوای چەند خولەکێک لە فڕین کەوتووەتە ناو رووباری پێرسی پریست و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ جۆی لارا کە لە زنجیرە تەلەفیزیۆنەکانی ساڵانی نەوەدەکان رۆڵی کەسایەتی تەڕەزانی دەبینی، خۆی و ھاوسەرەکەی و پێنج کەسی دیکە لە فڕۆکەکەدا بوون و گیانیان لەدەستداوە.
جۆی لارا تەمەنی ٥٨ ساڵ بووە و باوکی یەک منداڵ بووە.
ئاژانسی ھەواڵی چینی نوێ شینغوا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبی فەرمانڕەوادا کە شی جین بینگ سەرۆکایەتی دەکات، بڕیار دراوە بۆ راگرتنی ھاوسەنگی دانیشتوان رێگە بە ھەموو خێزانێک بدرێت سێ منداڵی ببێت.
چەند ساڵێک پێش ئێستا و دوای زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، چین بڕیاریدا ھەر خێزانیک تەنھا یەک منداڵیان ھەبێت، بەڵام دوای بەرزبوونەوەی رێژەی کەسانی بەتەمەن، لە ساڵی ٢٠١٦ بڕیاری درا رێگا بە بوونی دوو منداڵ بدرێت.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە سیاسەتی خستنەوەی دوو منداڵ ئامانجی حکومەتی چینی نەپێکاوە، چونکە بەھۆی گرانییەوە خەڵکی چین خۆیان رێگا بە بوونی دوو منداڵ نادەن.
ئەو کاتەی جەنگی جیھانی یەکەم سەریھەڵدا بیڵ گۆسیت ناچار بووە بچێتە ریزی سوپا و واز لە خوێندنی زانکۆ بھێنێت، دوای کۆتاییھاتنی جەنگیش بووە بە سەرپەرشتیاری کاروباری بازرگانی خێزانەکەی و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، بەڵام گۆسیت دواجار گەڕایەوە و لە رۆژانی رابردوودا و لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا توانی بە سەرکەوتوویی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات.
لەگەڵ ئەوەی گۆسیت ساڵی ٢٠٢٠ خوێندنی زانکۆی تەواو کرد، بەڵام بەھۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاھەنگی دەرچوونەکەی بۆ ئەمساڵ دواکەوت.
ئەوەی زیاتر گۆسیتی دڵخۆش کرد و توشی سەرسوڕمانی کرد ئەوە بوو کۆلێژی لینکۆڵن دکتۆرای فەخری پێبەخشی.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژی ھێزی پاسەوانی دەریایی ئیندۆنیزیا ئازادکردنی ئەو کەشتیە نەوتھەڵگرە ئێرانیەی پشتڕاستکردەوە کە بۆ ماوەی نزیکەی ٤ مانگ لەنزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کرابو. ئەو کەشتیەی کۆمپانیای نیشتمانیی کەشتیانیی ئێران رۆژی ٢٤ ی کانونی دوەمی ئەمساڵ بە گومانی گواستنەوەی نایاسایی نەوت لە کایەی ئاویی ئیندۆنیزیا دەستبەسەرکرا. ویسنۆ پراماندیتا وتەبێژی ھێزی پاسەوانی دەریایی ئیندۆنیزیا رایگەیاندوە کەشتیە ئێرانیەکە بە فەرمانی دادگا ئازادکراوە و دەتوانێت سنوری ئیندۆنیزیا بەجێ بھێڵێت بەڵام کاپتنی کەشتیەکە دو ساڵ لەژێر چاودێریدا دەبێت.