بەردەوامی جەنگی غەززە و لوبنان و ئێران ئاستی جەماوەریی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە كەمكردووەتەوە.
بەپێی ئەو راپرسییەی كەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئەنجامیداوە پێگە و ئاستی جەماوەریی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە زۆر كەمبووەتەوە، بە شێوەیەك بۆ یەكەمجار گادی ئایزنكۆت سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپا ئیسرائیل، بە پێی راپرسییەكە وەك گونجاوترین كەسایەتی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كەوتووەتە پێش ناتانیاهۆ.
بەپێی ئەنجامەی راپرسییەكە گادی ئایزنكۆت 38%ی دەنگی بەشداربووانی بەدەستهێناوە وەك گونجاوترین كەس بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی ئیسرائیل، لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ تەنها 35%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، هۆكاری ئەو پاشەكشەیەش بۆ بەردەوامی جەنگی غەززە و لوبنان و ئێران گەڕێنراوەتەوە.
لەبارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش (كنێست)، پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، پارتی "یشار" بە سەرۆكایەتی ئایزنكۆت پێگەی بەهێزتر كردووە و پێشبینی دەكرێت 19 كورسی لە كنێستی داهاتوودا بەدەستبهێنێت، كە بەراورد بە راپرسی پێشوو دوو كورسی زیادیكردووە.
خولی ئێستای كنێستی ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا كۆتایی دێت، چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنەكان لە ناوەڕاستی ئەیلول یان كۆتایی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچن.