بەهۆی رێگرییەکانی تاران لە گەیشتنی تیمەکان بە کۆگاکانی یۆرانیۆم، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی دەدات.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لە راپۆرتێکی نهێنیدا هۆشداری لە رەوشی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدات و رایدەگەیەنێت، نەتوانینی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ گەیشتن بەو دامەزراوانە، نیگەرانییەکانی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی زیاتر کردووە.
ئاژانسەکە لە تاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەوەتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و تێیدا سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج، تیمەکانی پشکنین نەیانتوانیوە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی دانی بەوەداناوە کە هێرشە سەربازییەکان رەوشێکی بێوێنەیان دروستکردووە، بەڵام جەختی لەوەشکردووەتەوە کە "گرنگە بەبێ دواکەوتن چالاکییەکانی پشکنین و دڵنیایی لە ئێران ئەنجامبدرێن".
راپۆرتەکە ئاشکراشیکردووە، نەگەیشتنی پشکنەران بە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، پێشێلکردنی ستانداردەکانی کاری ئاژانسەکەیە بووەتە جێگەی نیگەرانی، لەو چوارچێوەیەشدا، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە داوای لە تاران کردووە بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئاژانسەکەدا کاربکات بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێکارەکانی چاودێری.
لە بەرانبەردا، سەرەڕای ئەوەی ئێران هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت دڵنیایی بدات لەوەی ئێران دەست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی نابات.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ڤییەنا، ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی تاوتوێی ئەم راپۆرتە بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرسی چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بووەتە یەکێک لە خاڵە هەرە ناکۆک و ئاڵۆزەکانی ناو دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.