دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمی لە 14 پارێزگا راگرت و سێرڤەرە سەرەكییەكان و تۆڕی كۆمپانیاكەشی لەكارخست.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق رایگەیاند، دوای كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە بەكارهێنەرانی كۆمپانیای كۆڕەك درابووە كە تا 1ی تشرینی دووەم بوو، بە رەسمی و بە هاوكاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، تەواوی سێرڤەر و كۆنترۆڵە ناوەندییەكانی كۆمپانیاكەیان لە 14 پارێزگا كوژاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، چوار سێرڤەری سەرەكیی كۆمپانیاكەیان كوژاندووتەوە كە یەكێكیان لە پارێزگای بابل بووە و یەكێكیش لە پارێزگای بەسرە، دووانیشیان لە بەغداد، بارەگای سەرەكی كۆمپانیاكەشیان لە پارێزگای كەركوك داخستووە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق راشیگەیاندووە، رێكارەكان لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراون، بەڵام لە 14 پارێزگای عیراق توانای سیگناڵ و تۆڕی كۆمپانیاكە بەتەواوی راگیراوە، بەردەوامیشن لە هەماهەنگی بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی كوژاندنەوەی تۆڕەكە لە پارێزگای نەینەواش.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان جەختیشیكردەوە، رێكارەكانی كوژاندنەوەی تۆڕەكە بە واتای داواكردن لە بەشداربووان بۆ لەناوبردنی سیمكارتەكانیان یاخود دەستبەرداربوون لە ژمارەكانیان نایەت.