وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لە نێوخانویەکدا لە بەغداد هێزەکانیان دەستیانگرتوە بەسەر 97 ئامێری قومارکردندا و ژمارەیەک کەسیش دەستگرکراون کە لەو خانوەدا کاریانکردوە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەسەر ماڵێک لە رەسافەی بەغداد، کە تێیدا قوماردەکرێت و لەلایەن کەسانی نەناسراوە بەڕێوەدەبردرێت، هێزەکانیان چونتە شوێنەکە و دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆری ئامێری قوماردا گرتوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛  دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری بۆ هەڵکوتانە سەر ئەو ماڵەی کە ئامێرەکانی تێدابووە، لە ئەنجامدا دەست بەسەر (97) ئامێری قومارکردندا گیرا و چەند کەسێکیش دەستگیرکران کە لە هۆڵەکەدا کاردەکەن".

وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکاتی لێپرسینەوەدا تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە خانوەکەیان بۆ قومارکردنی نایاسایی بەکارهێناوە و پەراوی لێکۆلێنەوەیان بۆکراوەتەوە و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بەمەبەستی سزادانیان.