دەستەی چاودێریی ئەتۆمی لە عیراق: مەترسیی تیشکدانەوە لەسەر وڵاتەکەمان سنوردارە و رێکاری پێویستیش بۆ هەر ئەگەرێک گیراوەتەبەر
ساکۆ سمکۆ
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی لە عیراق لەبارەی ئەگەری هەر هێرشێکی ئەتۆمی بۆسەر ناوچەکە راگەیەنراوێکی لەسەر ئەگەرەکان و کاریگەرییەکانی لەکاتی روودانیدا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: سەرجەم رێکارە تەکنیکی و خۆپارێزییەکانیان گرتووەتەبەر.
فازڵ حاوی مەزبان، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی بۆ چاودێریی ئەتۆمی لە عیراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: دووریی پێگە مەبەستدارەکان بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی عیراق دوورن، سەرەڕای ئەوەش ئەو دامەزراوانە لە قوڵایی زیاتر لە 100 مەتر لە ژێر زەوی و لەناو شاخە بەردینەکاندان، بۆیە تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمییش لەو ناوچانە نابێتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت پاشماوەکەی کۆنترۆڵبکرێت.
وتیشی، ئاراستەی با لە چینە بەرزەکانی کەشوهەوادا نیشتەنییە تیشکدەرەکان لە ئاسمانی عیراق دوور دەخاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمەکانی چاودێری و هۆشداریی پێشوەختە بەدرێژایی سنوورەکان چالاککراون و بە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بەستراونەتەوە، بۆئەوەی بەخێرایی هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە ئاستی تیشکدانەوەدا دەستنیشان بکەن.
ئەم ئامادەکارییانەی بەغدادیش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئەتۆمیی ئێران کردبوو.



