جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق  جەخت دەکاتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عیراق توانای تەواویان هەیە بەبێ پشت بەستن بە هێزەکانی هاوپەیمانان ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزن.

لیوا تەحسین خەفاجی، جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆی 8ـی کوردسات نیوز رایگەیاند، عیراق لە توانایدایە بەبێ هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگاری لە ئاسایشی خۆی بکات، وتیشی، چەکدارانی داعش هیچ مەترسییەک لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان دروست ناکەن و کۆنتڕۆڵ کراون.

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، لیوا تەحسین خەفاجی ئاشکرایکرد، بەردەوام لە هەماهەنگیی بەهێزداین لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای عیراق هیچ هەنگاوێک لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نانێت.

سەبارەت بە روداوەکەی پردێ کە دوو گەنجی کورد شەهیدبوون، جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ئەوەی خستەڕوو، رێکارەکان بەردەوامن و لە زووترین کاتدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی روداوەکەی پردێ بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن.

لەبارەی ڕێکارەکانی تایبەت بە چەکدانانی گروپەکان چەکدارەکان رایگەیاند، بە شێوازێکی باش و بەپێی پلانەکان ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت.