نەشئەت شاهوێز داوای روونکردنەوە و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکانی پردێ دەکات
سەوسەن سەید
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
نەشئەت شاهوێز خورشید، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سەرۆکی هاوپەیمانی، کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، لە رێگەی نووسراوێکی رەسمییەوە داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کرد، سەبارەت بە روداو و پێکدادانەکانی ناحیەی پردێ.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: لە روداوەکانی رۆژی یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026 لە ناحیەی پردێ، ژمارەیەک هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، لەوانەش مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بەناوی (موراد زانا)، جگە لە دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی تری ناحیەکە بەناوی (محەمەد هێمن)، کە ئەوەش نیگەرانی و خەمێکی قووڵی لەلای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جەختی کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ بە شەفافییەتەوە وەڵامی پرسیارەکانی خەڵک و کەسوکاری قوربانییان بدرێتەوە لەسەر چۆنیەتی رودانی پێکدادانەکە، سروشتی کردەوە سەربازییەکە، رێکارەکانی پاراستنی مەدەنییەکان و ئاماری وردی قوربانییان.
لە نووسراوەکەدا هاتوو کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەرکێکە و هێزە ئاسایشییەکان شایەنی رێزن، بەڵام پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بەرپرسیارێتیی سەرەکیی دەوڵەتە و یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە.
لە کۆتاییدا، نەشئەت شاهوێز داوای لە سەرۆکوەزیران کرد کە راگەیەندراوێکی بەپەلە و رەسمی لەسەر روداوەکە دەربکات. هەروەها لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ سەردانیکردنی ناوچەکە، وگوێگرتن لە کەسوکاری قوربانییان و شایەتحاڵەکان.


