وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، ئێران مەترسییەکی جدییە بۆسەر وڵاتەکەی و چەندین هەوڵی تاران و گروپە تایبەتەکانی سەر بە ئێرانیان پوچەڵ کردوەتەوە، جەختیشیکردەوە لێکۆڵینەوە لە روداوەکەی بنکەی ئاسمانی 'فێرفۆرد' بەردەوامە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، وێس ستریتینگی وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە تایبەتەکانی مەبەستیانە زیان بە بەریتانیا بگەیەنن و تا ئێستا چەندین هەوڵی ئەوانیان بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی لەندەن و هاوپەیمانەکانی پوچەڵکراونەتەوە.

لەبارەی ئۆپراسیۆنی دەستبەسەرکردنی پێنج کەس لە نزیک بنکەی ئاسمانیی 'ئاڕ ئەی ئێف فێرفۆرد'  ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان پەلەکردن لە دەستنیشانکردنی هۆکاری روداوەکە شتێکی پێشوەختەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەڕەشە گشتییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان بە هەند وەردەگرن.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش، لە ئێستادا ئەگەری هەبونی دەستتێوەردانی ئێران بەهێزترین گریمانەی ناو لێکۆڵینەوەکانە، ئەگەرچی ئەگەری ئۆپراسیۆنی تێکدەرانەی روسیا یان پیلانێکی توبدرەوانەش لە ژێر پێداچونەوەدان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران پێشتر بە تەواوی رەتی کردۆتەوە دەستی لە هیچ هێرش یان پیلانگێڕییەکدا لە ناو خاکی بەریتانیادا هەبێت.