قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە وەفدێکی رۆشنبیری وڵاتی میسر و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی کولتووری و رۆشنبیری نێوان هەردوولایان کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد بۆ سلێمانی و هیوای خواست سەردانەکەیان بۆ کوردستان بەرهەمداربێت و رێگەخۆشکەربێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رۆشنبیرانی کوردستان و وڵاتی میسر.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لەو پەیوەندییە بەهێزەی سەرۆک مام جەلال کرد لەگەڵ رۆشنبیرانی میسر و بە پێویستیان زانی کاری هاوبەش بکرێت بۆ پتەوترکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندیی کولتووری و رۆشنبیری نێوان کوردستان و میسر.

وەفدەکەی رۆشنبیرانی میسر لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەوەی سلێمانی نەک هەر لە بواری رۆشنبیریدا بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها ستایشی رۆڵی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیشیان کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا و بە تایبەتیش هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتییان بەرز نرخاند لە دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.