بەقائی: تۆمەتەکانی کۆشکی سپی بەراىبەر ئێران رەنگدانەوەی کردەوەکانی خۆیانن
سەوسەن سەید
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی کۆشکی سپی داوەتەوە و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی تاران دەکرێن، تاوانبارکردنی کردەوەکانێکە کە واشنتۆن خۆی ئەنجامی دەدات.
بەقائی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: تۆمەتە درێژخایەنەکانی کۆشکی سپی بۆ سەر ئێران، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و بە وردی، وەسفی هەمان ئەو کردەوانە دەکەن کە ئەمریکا خۆی ئەنجامی داون یان پشتیوانیی لێ کردوون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم جۆرە پێچەوانەکردنەوەی راستییانە سەیر نین، چونکە بە وتەی ئەو خراپەکاران هەڵدێن، تەنانەت کاتێک کەسیش راویان نەنێت.
ئەم وەڵامەی تاران دوای ئەوە هات کە ئانا کیلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی تۆمەتی ئەنجامدانی هێرش لە گەروی هورمز و بەئامانجگرتنی ئەمریکییەکانی ئاڕاستەی ئێران کردبوو و ئیدعاى کردبوو کە ئێران تاقە لایەنە تاوانی جەنگی ئەنجامدابێت.


