بانکی ناوەندیی عیراق لەبارەی دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی بە قۆستنەوەی خراپیی رەوشی ناوچەکەوە هەیە.

بانکی ناوەندیی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، بڕی پێویست لە یەدەگی دراوی بیانییان بۆ دابینکردنی پێویستیی بازاڕ و گەشتیاران، بە بەهای رەسمیی دیاریکراو، هەیە.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان لە بازاڕدا، پەیوەندیی بە ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوخۆدا و خراپ بەکارهێنانی رەوشی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، لەلایەن هەندێک کەس و لایەنەوە، هەیە.

ئەوەشی خستوڕوو، تەنها پشت بەو زانیاری و داتایانە ببەستن کە بەرەسمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەردەچن و پێویستە نەکەونە دوای ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە سەرچاوە باوەڕپێنەکراوەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.