قائیمقامییەتی قەزای دوکان ئاشکرایکرد، لە سبەینێوە پردی سەرەکی قەزاکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە دادەخرێت.

قائیمقامییەتی قەزای دوکان ئاگادارییەک ئاڕاستەی شۆفێران و هاووڵاتیان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لە سبەینێوە سەعات 6:30 خولەکی بەیانی، پردی سەرەکی ناوەندی قەزاکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە تەواوی بەڕووی هاتووچۆدا دادەخرێت.

بڕیاری داخستنی پردەکە بەهۆی دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازییە لە بەشەکانی بەیەکەوەبەستنی پردەکەدا، کە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانەوە جێبەجێ دەکرێت، دوای ئەوەی تەواوی پێداویستییەکانی نۆژەنکردنەوەکەی بۆ دابینکرا.

پردی سەرەکی دوکان خاڵێکی ستراتیژییە و هەردوو بەری قەزاکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات رێگای سەرەکی هاتوچۆی نێوان پارێزگای سلێمانی بەرەو پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، ئیدارەی راپەڕین و دەشتی کۆیەیە.

قائیمقامییەتی دوکان ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێران دەتوانن بۆ هاتوچۆکردن پردی دووەمی قەزاکە و رێگای بەری سارتکە وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن تا کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە.