وەزارەتی خوێندنی باڵا کارابوونی زانکۆلاینی راگەیاند؛ کە زیاتر لە 40 هەزار دەرچوو داواکاری پێشکەش دەکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سبەینێ پێنجشەممە سەعات 8:30ـی سەرلەبەیانی،  وێبسایتی زانکۆلاین (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت رۆژ (تا 24ی ئەیلوول) بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا دەکرێت.

لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، ئەمساڵ 40 هەزار و 716 دەرچوو لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، هەروەها پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، بۆ وەرگرتنیان لە 680 بەش لە 16 زانکۆی حکومی بە سیستمی (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) داواکاری پێشکەش دەکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوا لە دەرچووان دەکات بۆ وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username & Password) سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن و رێنماییەکان بە وردی لە رێبەری وەرگرتن بخوێننەوە.

هەروەها جەخت دەکاتەوە کە خوێندکاران خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لە سەنتەرە نەناسراوەکان نەکەن، سەرەڕای ئەوەی هۆشیاری دەدات لەوەی ستافی وەرگرتن هیچ پەیج و ئەکاونتێکی تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە و تەنها پەیجی رەسمی وەزارەت لە فەیسبووک سەرچاوەی راستەقینەی زانیارییەکانە.