لە ئیسپانیا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە گەیشتە هەزار و 28 كەس و كەشناسی وڵاتەكەش دەڵێت: شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ گەرمترین ماوە بووە لە مێژووی ئیسپانیادا.

ماوەی نزیكەی مانگێكە شەپۆلێكی گەرمای توند ئەوروپای گرتووەتەوە و ئیسپانیاش بە یەكەم وڵاتی ئەوروپی دادەنرێت كە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی تێدایە  و هەزار و 28 كەس بەهۆی شەپۆلی گەرمای مانگی رابردووەوە گیانیان لەدەستداوە.

 ئاژانسی نیشتمانیی كەشناسیی ئیسپانیا رایگەیاند، نیوەی یەكەمی ساڵی 2026 بە گشتی گەرمترین ماوە بووە كە لە مێژووی وڵاتەكەدا تۆماركرابێت، بە شێوەیەك تێكڕای پلەكانی گەرما 1.6 پلەی سیلیزی لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بووە.

لەسەر ئاستی كۆی گشتی كیشوەری ئەوروپاش، شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و 328 كەس ، زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانیش لەناو بەساڵاچووان و ئەوانەدا بووە كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە.