بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی عاشورا: لەم ماتەمەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و کارکردنی پێکەوەیی دەکەینەوە
ساکۆ سمکۆ
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی عاشورادا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەم ماتەمەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و کارکردنی پێکەوەیی دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکە:
ساڵیادی عاشورا، یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) و هاوەڵانییەتی. بیرهێنانەوەی سەرکەوتنی حەقە بەسەر نادادپەروەریدا و وێنای قوربانیدانە لەپێناو پاراستنی بەها پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام.
عاشورا هەڵگری وانە باڵاکانی مرۆڤایەتی و ماناکانی فیداکارییە کە لە رێگەیانەوە هەوڵ بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و دەستپێکردنی رێگەی چاکسازی دەدرێت.
لەم ماتەمەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و کارکردنی پێکەوەیی دەکەینەوە، بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەهێزترکردنی برایەتی و پێکەوەیمان بۆ داهاتوویەکی گەش و چەسپاندنی ئەو بنەما پیرۆزانەی کە قوربانییان بۆ دراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


