رۆژنامەیەكی توركی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە كە نزیكەی ٪٨٥ی قۆناغەكانی پڕۆسەی ئاشتی كۆتایی هاتووە.

رۆژنامەی حوڕیەتی توركی  بڵاویكردەوە، یاساكانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری پێش پشووی پەرلەمان پەسەند دەكرێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بەو رۆژنامە توركییە دراون چاوەڕوان دەكرێت دوای دەرچوونی بەیاننامەی رەسمی لە ئیمراڵییەوە، قۆناغی چەكدانانی پەكەكە خێرا ببێت دواتریش لەسەر بنەمای راپۆرتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی توركیا ، یاسایەكی كاتی كە ماوەكەی نێوان ٦ بۆ ٨ مانگ دەبێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئەندامانی پارتەكە دەربچێت.

ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردوە،  لە قۆناغی كۆتاییدا ، پەرلەمانی توركیا  یاساكانی پەیوەست بە قۆناغی نوێی دوای چەكدانان پەسند دەكات، ئەمەش وەك هەنگاوێكی یاسایی بۆ جێگیركردنی پڕۆسەی ئاشتی و گواستنەوەی ململانێكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی سیاسی.