سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا خۆی کاندید نەکات و لە نیوەی یەکەمی مانگی حەوتدا کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەکرێت، هەروەها  لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دڵنیای دا کە کێشەی نابێت.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی کاندید نەکات و چاوی لە دروستکردنی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی یان حزبی نییە.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەت تەواوی گەرەنتییەکان بۆ کۆمپانیاکارەکانی بواری نەوت لە عیراق دابین دەکات، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە پەیوەندیدارە بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە.

لەبارەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەوە، حەیدەر عەبودی دەڵێت؛ پرۆسەکە پێش سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا تەواو دەبێت، کە تێیدا سەرۆک وەزیران چەندین مەلەفی گرنگ تاوتوێ دەکرێت، لە سەروشیانەوە مەلەفی ئابوری و پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا.

ناوبراو جەختیکردەوە سەرۆک وەزیران مەلەفی گەندەڵی بە مەترسیدارترین  کێشە بۆ سەر وڵات و سیستمی سیاسی دەزانێت، بۆیە بڕیاردراوە پێداچوونەوە و وردبینی بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی رابردوو بکرێت  و پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبێت و سەرجەم تۆمەتباران دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە ناونیشان و پێگەیان..

وتەبێژی حکومەت دڵنیای دا، کە حکومەت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی نابات و نیشانەکانی چاکبونەوەی ئابوری دەرکەوتوون، بە شێوەیەک کە یاسای بودجەی ساڵی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.