لە هەولێر دوو حاڵەتی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا کە هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، دوو حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون" لە ناو شاری هەولێر تۆمارکراون کە هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی توندی پزیشکیدان.

تەندروستیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، تووشبووەکان باوک و کوڕێکی تەمەن 21 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن.

ئاشکراشیکرد، هۆکاری سەرەکیی تووشبوونیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوو هەفتەی رابردوودا، لەناو ماڵەکەی خۆیاندا ئاژەڵیان سەربڕیوە و بەهۆیەوە بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، خوێن و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕینەکە هەبووە.

تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوتووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، گومانیان لێکراوە و دەستبەجێ چەندین رێکاری دەستنیشانکردن، پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەیی و چارەسەری پزیشکییان بۆ گیراوەتەبەر.

راشیگەیاند،، لە ئێستادا هەردووکیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن، بەڵام باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر داواش لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە، لەسەر پێویستیی پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێنماییە خۆپارێزییەکانی تای خوێنبەربوون، بەتایبەت دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا.