وەفدی باڵای ئەمریکا گەیشتە سویسرا و پاکستان هاتووەتە سەر هێڵ بۆ رێگری لە دواخستنی دانوستانەکان
محەمەد رزگار
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە گەرمەی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ رێگریکردن لە دواخستنی زیاتری گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، سەرچاوە رەسمییەکان گەیشتنی وەفدی باڵای ئەمریکایان بۆ سویسرا پشتڕاستکردەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سویسراش ئاشکرایکرد، دیپلۆماتکارانی چەندین وڵات لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی ئەم دانوستانە بەردەوامن.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، کەمێک لەمەوبەر گەیشتووەتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە تەکنیکییەکان کە بڕیارە لە هاوینەهەواری شاخاویی "بۆرگنبستۆک" ئەنجام بدرێن، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت جارید کوشنەر راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپیش پەیوەندی بە گفتوگۆکانەوە بکات.
لەلایەکی ترەوە و لە پێشهاتێکی نوێدا، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە تاران، ئەمەش بە مەبەستی رازیکردنی لێپرسراوانی ئێران بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە سویسرا دوانەخەن، دوای ئەوەی دوێنێ هەینی بەهۆی چەند ناکۆکییەکەوە کۆبوونەوەکان بۆ کاتێکی تر داخرابوون.



