تەندروستی لوبنان: لە 24 سەعاتی رابردوودا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە 47 كەس كوژراون
لازیا عەلی
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە باشوری لوبنان بۆردومانكرد و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 47 كەس كوژراون.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر ناوچەی نەبتیە فەوقا لە باشوری لوبنان و چەندین گوندیشیان لە قەزای نەبتیە و جەزین بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە ئەمنییەكانیش، ئیسرائیل تەنها لە یەكەم سەعاتی راگەیاندنی ئاگربەستدا 12 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا بەهۆی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە 47 كەس كوژراون و 79ی تریش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش كوژرانی چوار سەربازی وڵاتەكەی لە ناو خاكی لوبنان پشتڕاستكردەوە.


