بەرپرسێکی هەڵبژاردەی ئێران رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی سکاڵایەک پێشکەشی هاوتا نێودەوڵەتییەکەی (فیفا) دەکات، بەهۆی ئەو "بەربەست و سنووردارکردنانەی" لە کاتی مۆندیالدا بەسەر تیپەکەیدا سەپێنراون، کە بە گوتەی خۆی، رێگری لێدەکەن بە شێوازێکی گونجاو و ئارام خۆی بۆ یارییەکەی بەرانبەر بەلجیکا ئامادە بکات.
پێشتریش هەڵبژاردەی ئێران ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بە رەتکردنەوەی پێدانی ڤیزا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ هەندێک لە ئەندامانی تیمی یاریدەدەری تەکنیکی، ئێستاش سکاڵای ئەوە دەکات کە تەنها "یەک رۆژ پێش یارییەکە" رێگەی پێدەدرێت بگاتە لۆس ئەنجلۆس، لە کاتێکدا کە هەمیشە باو وایە دوو رۆژ پێش یارییەکە بگەنە شوێنی مەبەست.
ئەو بەرپرسە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم "بەربەستانە دژبەیەکن لەگەڵ پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان لە نێوان سەرجەم هەڵبژاردە بەشداربووەکاندا و رەنگە زیان بە ئامادەکارییەکان بگەیەنێت، وتیشی: بۆیە یەکێتییەکە بە رەسمی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت و لە رێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە سکاڵایەکی رەسمی پێشکەشی فیفا دەکات.
ئەمیر قەڵعەنۆیی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، رۆژی دووشەممە دوای یەکسانبوونی تیپەکەی بەرامبەر نیوزلەندا بە ئەنجامی 2-2 لە یەکەم یاریاندا کە ئەویش لە لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەچوو، رایگەیاندبوو کە تیپەکەی "مەغدورترین و ستەم لێکراوترین تیپە لە جامی جیهانیدا".
دوای چەندین مانگ لە نادیاری و ناڕونی بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، "تیم میللی" (هەڵبژاردەی ئێران) لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارە، بەڵام لە کۆتا ساتدا ناچار بوو کەمپی مەشق و راهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ مەکسیک و لە جیاتی ویلایەتی ئەریزۆنا، شاری تیخوانای وەک بنکەی خۆی هەڵبژارد، ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا رەتی کردەوە ڤیزا بە نزیکەی 15 ئەندامی شاندەکەی بدات.
بەرپرسە ئێرانییەکە رونکردنەوەی داوە کە ستافی تەکنیکی بەرنامەیەکیان داڕشتبوو کە تێیدا "تیپەکە دوو رۆژ پێش هەر یارییەک بگاتە ئەو شارەی میوانداری یارییەکە دەکات، و رۆژی دوای یارییەکەش بگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، تاوەکو باشترین ئامادەکاری هونەری و جەستەیی مسۆگەر بکەن.
بەڵام هەڵبژاردەی ئێران لە یارییەکەیدا بەرانبەر نیوزلەندا، تەنها شەوی پێش یارییەکە توانی بگاتە لۆس ئەنجلۆس، و ناچار بوو راستەوخۆ دوای لێدانی فیکەی کۆتایی یارییەکە شارەکە بەجێبهێڵێت.
ئەو بەرپرسە وتیشی: هەمان دۆخ ئەمڕۆش پێش یاری دووەمی ئێران بەرانبەر بەلجیکا دووبارە دەبێتەوە.
شاندی هەڵبژاردەکە داوای کردبوو کە لە ڕۆژی هەینییەوە بگەنە لۆس ئەنجلۆس بۆ ئەوەی پێش یارییەکە ڕابهێن و خۆیان لەگەڵ کەشەکەدا بگونجێنن، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم "داواکارییەش دیسانەوە ڕەتکراوەتەوە".