ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرایەوە  بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

 لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پرسی ئەو فەرمانبەرانە تاوتوێ کرا کە خانەنشین بوون و هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە؛ ئەنجومەن وەزارەتە پێوەندیدارەکانی راسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغداد، کێشەکانیان بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی لە رۆژی شایستەبونیانەوە موچەکانیان بۆ دابین بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا، بابەتەکانی پەیوەست بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم و ئاستەنگەکانی بەبازاڕکردنی تاوتوێ کران.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ساخکردنەوەی گەنمەکە، هاوکات داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ کرد کە پلانی وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی هەرێم جێبەجێ بکات.

سەبارەت بە مافی خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی مافی ئەو ئەندامانە کردەوە کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت لە دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی بۆ رێکخستنی رێکارەکان پێکبهێنرێت.

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران باسی لە خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە وەک (پسووڵەی خۆراک، دەرمان و پشتیوانی وزە) کرد و پێداگیری لەسەر مافی یاسایی و دەستوری هاووڵاتیانی هەرێم کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشە شایستەی خۆیان.