ترەمپ: تەنـانەت 10 سەنتیش لە ئێراندا وەبەرهێنان ناکەین
سەوسەن سەید
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، هیچ پابەندییەکی دارایی ناخاتە سەر واشنتۆن بۆ پێدانی پارە بە تاران.
هاوکات جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن توانای یاسایی نییە رێگری لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تر بکات بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆی ئێراندا.
ترەمپ رونیکردەوە کە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، چونکە رێگریی دەکات لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دەرئەنجامە ئابوورییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە راگەیاندنی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، بووەتە هۆی دابەزینی راستەوخۆ و دەستبەجێی نرخەکانی نەوت، هاوکات هاوکار بووە لە بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی بازاڕ و دابەزینی نرخی سووتەمەنی.
لەسەر ئاستی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە گەروی هورمز بەشێکی کراوەتەوە و پێشبینیشی کرد لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا هاتوچۆ تێیدا بە تەواوی دەستپێبکاتەوە.
لە چوارچێوەی لێدوانەکانیدا لەسەر سیاسەتی دەرەوە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی گەمارۆدانی سەر ئێران کاریگەر بووە، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند: ئەگەر ئێرانییەکان بە باشی رەفتار نەکەن، ئەوا دەست دەکەینەوە بە باراندنی بۆمب بەسەر سەریاندا.
ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و لایەنی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا فێڵیان لە ئەمریکا کردووە و ملیاران دۆلاریان دەستکەوتووە.


