49کەس لە بیابانی نێجەر بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستدا
سەوسەن سەید
بەرپرسانی خۆجێیی لە باکووری نێجەر رایانگەیاند، 49 کەس لە ناوچەیەکی بیابانیی دوورەدەست و لە نزیک سنوورەکانی جەزائیر و مالی بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش دوای ئەوەی ئەو بارهەڵگرەی دەیگواستنەوە، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە وڵاتی مالییەوە دوای بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی جەژنی قورباندا، تووشی پەککەوتن بوو.
بەرپرسانی پارێزگای ئاگادێر ئاماژەیان بەوە کردووە کە قوربانییەکان لە ناوچەیەکدا گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە 80 کیلۆمەتر لە رۆژاوای شارۆچکەی "ئاساماكا"وە دوورە، ئەمەش دوای ئەوەی نەیانتوانیوە ئەو ئۆتۆمبێلە چاکبکەنەوە کە لە ناوەڕاستی بیابانەکەدا پەکیکەوتبوو.
بەرپرسان رونیانکردەوە کە سەرنشینەکان، شۆفێرەکە و یاریدەدەرەکانی هەوڵی چاککردنەوەی بارهەڵگرەکەیان داوە، بەڵام کەمیی ئاو، بەرزیی پلەکانی گەرما و نەبوونی هیچ شوێنێکی دابینکردنی پێداویستی، دەرفەتی رزگاربوونیانی گەیاندووەتە سفر، ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 49 کەس کە دواتر لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بە خاک سپێردران.
لەو روداوە تەنها دوو کەس رزگاریان بووە، دوای ئەوەی زیاتر لە 50 کیلۆمەتر بە پێ بڕیوە تا گەیشتوونەتە گۆمێکی ئاو، پێش ئەوەی رێگاکەیان بەرەو "ئاساماکا" درێژە پێبدەن و هێزە ئەمنییەکان لەو کارەساتە ئاگادار بکەنەوە.
لە کاتی پرۆسەکانی گەڕاندا، هێزە ئەمنییەکان بارهەڵگرێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە کە لە دووری زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە ئاساماکا وەستابوو، کە زیاتر لە 60 کەسی هەڵگرتبوو و ماوەی سێ رۆژ بوو بەهۆی تێکچوونی پاترییەکەیەوە گیریان خواردبوو.
بەرپرسان جەختیانکردەوە کە هاوکاری پێویستیان پێشکەشکردوون و رێگەیان پێداون گەشتەکەیان دەستپێبکەنەوە.



