سەرۆک وەزیرانی عیراق: هەموو پێداویستییەک بۆ کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەین
محەمەد رزگار
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەک لە نوێنەری کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان کرد، کە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە و نەوت و سەرۆک ئەرکانی سوپا.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە نزیکەوە گوێبیستی وردەکاریی بارودۆخی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان بوو لە سێبەری ئەو رەوشە ئەمنییەی بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە دروستبووە، هاوکات وەفدی هەرێم و کۆمپانیاکان دیدگایەکی گشتگیریان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە زووترین کاتدا پێشکەش کرد.
عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە، ئەو زیانانەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەروی هورمزەوە بەر عیراق کەوتووە، زیانێکی گەورەیە و پێویستی بە هەوڵی چڕوپڕ هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری دا بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ ئاسانکاریی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریدا کە لە رۆژی داهاتووەوە، کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.



