سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری: چەک دەبێت تەنها لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەستخۆشی لەو لایەنانە دەکات کە پابەندبوون بە بنەمای چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ستایشی هەڵوێستی رەوتی نیشتمانیی شیعە، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەکات، بەهۆی وەڵامدانەوەیان بۆ بانگەوازی مەرجەعییەتی باڵای ئاینی و جێبەجێکردنی دەستور و یاسا.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوەی لایەنە ناوبراوەکان لە چوارچێوەی پابەندبوون بە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، وەڵامدانەوەی داواکارییە نیشتمانییە دڵسۆزەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و خستنەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
لە بەشێکی تری رایەگەنراوەکەدا، فایەق زێدان داوای لە سەرکردەی سەرجەم گروپەکانی تر کردووە، شوێن ئەو گروپانە بکەن کە چەکدادەنێن و پێشتر پابەندبوونی خۆیان بەم بنەمایە راگەیاندووە، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا لە وڵاتدا.



