ترەمپ: کێشەی ئێران بە خێرایی چارەسەر دەبێت و لە شەڕی نەتانیاهۆش لەگەڵ لوبنان نیگەرانم
بڵند
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران لە بەرەوپێشچونی خێرادایە و ئاماژەی بەوەکرد ئەنجامی دانوستانەکان زۆر باش دەبێت، چونکە موجتەبا خامنەیی خۆی بەشدارە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن رابەری باڵای ئێران رەزامەندی لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دەربڕیوە و خۆشی بەشدارە لە دانوستانەکاندا.
ترەمپ جەختی کردوەتەوە، لە ئێستادا وڵاتەکەی پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی لەناو خاکی ئێراندا نییە و پێشبینیشی کرد گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئەو وڵاتە کە لەوانەیە تا مانگی ئەیلوول بەردەوام بێت و ئێران رازیی بوە کە چەکی ئەتۆمی نەبێت.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنانێش، کە بەردەوام ئێران بە یەکێک لە مەرجەکانی دانوستانی داناوە، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی و بێزاری توندی خۆی لە بەردەوامیی ململانێ و شەڕی نێوان بنیامین نەتانیاهو و لوبنان نیشانداوە و ئاشکرای کرد، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توڕەئامێزی لەگەڵ نەتانیاهۆدا ئەنجامداوە بەهۆی ئەو گرژییە بەردەوامانەی ناوچەکە.



