وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشی تای خوێنبەربونی لە شاری دهۆک راگەیاند، توشبوەکە تەمەنی 47 ساڵە و پیشەی شوانییە.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە،  نەخۆشەکە پیاوێکی تەمەن 47 ساڵە و دانیشتوی گوندی (دووگرێ)یە لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، توشبوەکە پیشەی شوانە و بەرکەوتەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبودا هەبووە، دوای چەندینجار سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانی ناوچەکەی خۆی، دواجار روی لە شاری دهۆک کردووە و لەوێ لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە گومانی لێکراوە و دوای پشکنینەکان، تووشبوونی بە رەسمی پشتڕاستکراوەتەوە.

تەندروستی هەرێم دەڵێت؛  لە ئێستادا نەخۆشەکە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە لە دهۆک و چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان باری تەندروستی ناجێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی  داوا لە هاووڵاتیان و بەخێوکەرانی ئاژەڵیش دەکات لە کاتی بەدیکردنی هەر نیشانەیەکی گومانئاوی لەسەر ئاژەڵەکانیان، دەستبەجێ تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

جێی باسە ئەمە یەکەم حاڵەتی رەسمی و پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوونە، کە لەمساڵدا لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار بکرێت، دوای ئەوەی سەرجەم حاڵەتە گومانلێکراوەکانی رابردوو پشکنینەکانیان نەرێنی بووە.