دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت رایگەیاند؛ هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی کوەیت، کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە زیانی گیانی و مادیی لێ کەوتوەتەوە

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت رایگەیاند؛ شوێنی گەشتیار و سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت لە رێگەی چەندین درۆن و موشەکی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج وبەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی لێکەوتوەتەوە.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشیان کردوەتە سەر کوەیت و بەحرەین، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا( سێنتکۆم) رایگەیاند، بە بێ بونی هیچ زیانێک شکستیان بە هێرشەکان هێناوە، بەڵام  دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت دەڵێت؛ هێرشەکان بێ زیان نەبون.

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە  پلان و رێکاری فریاگوزاری خێرا لە وڵاتەکەدا کارا کراوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردوە،  بەهۆی کتوپڕیی هێرشەکەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کوەیت تا کاتێکی نادیار راگیراون و ژمارەیەک لە گەشتەکانی دیکەش گۆڕدراون بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان.

دەستەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە هێرشەکە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک هاووڵاتی بریندارن و بووەتە هۆی زیانی مادیی زۆر  لە چەندین بەش و دامەزراوەی جیاوازی فڕۆکەخانەکەدا.

سوپای وڵاتەکەش رایگەیاندوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری رەوشەکە دەکەن و رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات دەگرنەبەر.