ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس رایگەیاندووە، رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بۆ خاڵ لە ئێران لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە.

بەگوێرەی زانیاری ئاژانسەکە، هەڵئاوسانەکە  بە جۆرێکە، سەنتەری ئامار بە 83% و بانکی ناوەندی ئێرانیش بە نزیکەی 77% خەمڵاندوویانە؛ پەیمانگەی "بامداد"یش ئەم رەوشەی وەک ریکۆردێکی مێژوویی و بێپێشینە وەسف کردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دوایین جار ئەم جۆرە هەڵاوسان و قەیرانە لە ساڵی 1942دا بەهۆی داگیرکاریی هێزەکانی بەریتانیا و سۆڤیەت و سەرهەڵدانی برسێتی و نەخۆشی رویدابوو.

لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران سەرقاڵی رێکخستنی وۆرکشۆپی مەشقکردن لەسەر بەکارهێنانی چەکی گەرم و سازدانی رێوڕەسمی هاوسەرگیرین لەژێر سێبەری موشەکە بالیستییەکاندا، شارەزایان هۆشداری دەدەن، ئەگەر خەڵک نەتوانن تێچووی بژێوی و خۆراکی خێزانەکانیان دابین بکەن، ئەوا ئەگەری زۆرە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵبداتەوە.

لە دە ساڵی رابردوودا، زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ئێرانی گرتوەتەوە و بەهۆی گوشارەکانی جیهان و ئەو رەوشە ئابوریە خراپەی ئێران تێیکەوتوە، مەودای ناڕەزایەتییەکان جار لەدوای جار کەمتر دەبێتەوە و بازنەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبێت.

لای خۆشیەوە موحسین جەلیلوند، شیکەرەوەی سیاسی هۆشداری داوە کە ئەگەر رەوشی ناوچەکە و گوشارەکان بەم شێوازە بەردەوام بن، بەهۆی خراپیی رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، دوور نییە تا کۆتایی هاوین بینەری خولێکی تری راپەڕین و ناڕەزایەتییەکان بین هاوشێوەی روداوەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو.