عەممار حەکیم بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیرۆزبایی دەکات
سەوسەن سەید
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم، بەبۆنەی 51مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی ئەو حزبە و لە سەرووشیانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد.
حەکیم لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە پێشەنگیاندا برا بەڕێز بافڵ تاڵەبانی دەکەم، بەبۆنەی 51مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەوە.
سەرۆکی رەوتی حیکمە وتیشی: لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و شکۆوە مێژووی پڕ لە سەروەریی سەرکردە و دامەزرێنەری کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) بەبیردەهێنمەوە، کە رۆڵی هەبوو لە چەسپاندنی رێبازێکی نیشتمانیی لەسەر بنەمای فرەیی و دیموکراسی.
عەممار حەکیم لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە لە مێژووی ئەم رێکخراوە دێرینەدا کە بەردەوامە لە خزمەتکردنی نیشتمان و داکۆکیکردن لە پرەنسیپەکانی ئازادی و دادپەروەری، و کارکردن لەگەڵ هێزە نیشتمانییە جیاوازەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە عیراقدا.
پاشان داوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ یەکێتی و سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان کرد لەپێناو خێری وڵات و هاووڵاتییاندا.



