سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئامانجداریان وەک بەرگریکردن لە خۆیان دژی چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێران ئەنجامداوە. 

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان شوێنەکانی رادار و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنیان لە شاری 'گرۆگ' و 'دورگەی قشم' کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێکی خێرا بۆ کردەوە شەڕانگێزەکانی ئەم دواییەی ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەم هێرشانەی رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە وەڵامی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری MQ-1 بووە لەلایەن ئێرانەوە، کە لەو کاتەدا لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کاری دەکرد.

لە بەرپەرچدانەوەیەکی خێرادا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا توانیویانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێران، وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینی و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری تاکلایەنە تێکبشکێنن، کە مەترسییەکی ئاشکرایان بۆ سەر کەشتییە ئاوییەکانی ناوچەکە دروستکردبوو.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەم ئۆپراسیۆنانەدا هیچ ئەندامێکی خزمەتگوزاری هێزەکانی ئەمریکا بریندار نەبووە.

سێنتکۆم،هۆشداریشیداوە، کە سەرەڕای بوونی ئاگربەستی ئێستا، لە کاردانەوەی ئێران، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.