پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ساکۆ
٣١ی ئایاری ٢٠٢٦
کۆسرەت رەسوڵ عەلی بەبۆنەی یادی 51ـەمین ساڵەی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکێتی لە رۆژگاری بێ ئومێدی و لووتکەی بەهێزی رژێمی بەعس شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو سەلماندی لە رۆژە تاریکەکانیش ئومێد هەیە.
دەقی پەیامەکە:
(٥١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی پیرۆز دەکەم.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژگاری بێ ئومێدی و لووتکەی بەهێزی رژێمی بەعس شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو سەلماندی لە رۆژە تاریکەکانیش ئومێد هەیە و بە هەمووانی گوت تا کوردێک مابێت خەبات بەردەوامەو هەرگیز دەست لە مافەکانمان بەرنادەین، لەوساوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە نیو سەدەیە، یەکێتیی لە شاخ و شار خەبات دەکات لەپێناو ئازادی و دادپەروەری، دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ میللەتەکەمان لەپێناو گەیشتن بە ئاواتە وەدینەهاتووەکانی گەلەکەمان.
دووبارە ئەم یادە پیرۆزە لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم کوردپەروەران پیرۆز دەکەم، خەبات بەردەوامە و گرنگە بەو رۆحیەتەوە بەردەوام بین.
کۆسرەت رەسول عەلی



