ڤاتیکان دەرگا بەڕووی توێژەرانی کوردستاندا دەکاتەوە و وەک هەنگاوی سەرەتاش، سالار مەحمود لێپرسراوی بۆردی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وڵاتی ڤاتیکان سەردانی دامەزراوەی ( وەزارەت)ـی ئەرشیفی ڤاتیکانی کرد.

لە دیدارێکدا لەگەڵ مۆنسنیور فلاڤیۆ بۆنومۆ بەڕێوبەری ئەرشیفی ئاینەکان لە وڵاتی ڤاتیکان، گفتوگۆیان کرد لە بارەی میکانیزی هاوکاریکردنی خوێندکارانی کورد و توێژەران و رێکخراوە کەلتورییەکان بۆ لێکۆڵینەوە، سەبارەت بە مێژووی ناوچەی میزۆپۆتامیای جاران و کوردستانی ئێستا.

ئەم دامەزراوە هەموو نوسراو و ئەرشیفی بەر لە پێنج سەدەی جیهان و ناوچەی میزۆپۆتامیای تیا هەڵگیراوە. کە لەلایەن گەڕیدە ئاینی و باوەڕ پێکراوەکانی ڤاتیکانەوە لە سەردەمە جیاجیاکاندا نوسراوەو ئاڵوگۆڕ کراوە.

هەر دیکۆمێنتێک دوای ٧٥ ساڵ دەخرێنە بەردەست ئەکادیمیست و توێژەران بە رێکاری تایبەت بۆ دیراسەو شەن و کەوکردن.

دیدارەکە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئارام ئەحمەد براخاس و بەڕێز لوئەی سامی گۆرگیس ئەنجام درا.

لە درێژەی سەردانەکەدا لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە رۆژی هەینی ٢٠٢٦/٥/٢٩ سەردانی (دامەزراوەی دیەلۆگی نێوان ئاینەکان)ی کرد. لەلایەن مونسنیور شربل عطااللە بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای دامەزراوەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا سالار مەحمود باسی لە گرنگی برایەتی و پەرەپێدانی سیاسەتی ئاشتیخوازی کردو، رایگەیاند: گەلی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان باوەڕی تەواوی بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی راستەقینەی نێوان پێکهاتەکان هەیە، بەتایبەتیش بەشداری و نوێنەرایەتی راستەقینەیان لە پرۆسەی سیاسی و پارێزگاری لەمافە مەدەنی و سیاسیەکانیان بەپێی دەستورو یاسا بەرکارەکان.

مونسنیور شربل عطااللە بەرپرسی رۆژهەڵاتی و ناوەڕاست و ئاسیای دامەزراوەکە باسی لە میهرەبانی خەڵکی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە دۆخە دژوارەکاندا باوەشیان بۆ مەسیحیەکان و پێکهاتەکانی تری ناوچەکانی عیراق کردۆتەوە.

رایگەیاند: کوردستان شوێنێکی گرنگی ژیان و مرۆڤدۆستیەو لە رابردوودا خەڵکەکەی زۆر ئازاردراون.

سالار مەحمود ئەو راستیەی بیرهێنایەوە کە لەشاڵاوەکانی ئەنفالدا هەموو پێکهاتەکانی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بونەتەوە، لە قۆناغی هەشتەمی شاڵاوەکانی ئەنفالدا  چەندین گوندی خوشک و برایانی کریستیان رووبەڕووی ئەو تاوانە نێوەدەوڵەتیە بوونەوەو هەم خۆیان بون بە قوربانی و هەم گوندەکانیان روخێنران.

هەر هەمان رۆژ سالار مەحمود چاوی کەوت بە سەفیری عیراق لە ڤاتیکان عەمار محەمەد داود لە دیدارێکدا باسی پرسی کارئاسانی بۆ خوێندکاران و توێژەران و رێکخراوە کەلتوریەکان کرا، سەبارەت بە چالاکی کەلتوریی و توێژینەوە.