رۆژی 1ـی 6، ساڵیادی دامەزراندنی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستانە و لەمساڵیدا 51 ساڵ بەسەر ئەو یادەدا تێپەڕدەبیت و چەندین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و هەموو یەکێتییەکان کراوە.

 

پیرۆزبایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

 

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە جوانترین پیرۆزبایی پێشكەش بەجەنابی كاك بافڵ سەرۆكی یەكێتی و بەڕێزانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ڕێكخستنەكانی یەكێتی دەكەین..


بەهیوای ساڵێكی پڕ لەسەركەوتن و پێشكەوتن بۆ ئێوەی بەڕێز و پرۆسەی سیاسی كوردستان..
یادەكەتان لەكاتێكدایە كە گەل و نیشتمان پێویستی بەهیمەتێكی باڵاو پێشوە چونێكی باشتر هەیە بۆ یەكڕیزی و چارەسەری گرفتە ناوخۆیەكانی ناوماڵی هەرێم و عێراق و چاوەڕێی زۆرتر ئەكرێ لە بەڕێزتان لەم بارەیەوە..


بۆ پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانمان خوازیاری پێشكەوتن و بەتینترین لەپێناو خزمەتی زیاترو خەباتی هاوبەشی زۆرتردا..

سەركەوتووبن ...


                                         
 مەكتەبی سیاسی 
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  
31/5/2026

 

پیرۆزبایی حەمەی حەمەسەعید 

بە بۆنەی یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، گەرمترین و دڵسۆزانەترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان، کادران، پێشمەرگە قارەمانەکان، لایەنگرانی دڵسۆز و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە دڵسۆزی و قوربانیدانیان ڕۆڵی بەرچاویان لە گەشەپێدان و سەرکەوتنی ئەم ڕێکخراوە نیشتمانییەدا هەبووە.
 
زیاتر لە نیو سەدە تێکۆشان، خەبات، کۆڵنەدان و قوربانیدان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەل، ئازادی، دادپەروەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، مێژوویەکی پرشنگدار و پر دەستکەوتی تۆمار کردووە.
 
ئەم بۆنە دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان و وەفاداری نیشاندان بە یادی نەمر مام جەلال، دامەزرێنەران، شەهیدان، پێشمەرگە و هەموو ئەو کەسایەتییانەی کە بە خۆشەویستی و خۆنەویستی و دڵسۆزییەوە بناغەکانی ئەم بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەیان دامەزراند و پاراست.
هیوادارم یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ژێر سایەی یەکڕیزی، یەکدەنگی و سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ، هەروا بە خزمەتکردنی دڵسۆزانە بۆ گەل، بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازی مام جەلال تاڵەبانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە بەرز و نیشتمانییەکان.
 
خەبات و قوربانییدانی یەکێتی نیشتمانی شایەنی دەستکەوت و سەرکەوتنی زیاترە
لە هەموو بوارە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەوهیواییەی لە داهاتوودا شایەتحاڵی سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتربین لەمەیدانەکەدا.
 
سڵاو و دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان
 
حەمەی حەمەسەعید



پیرۆزبایی لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی شنگال

بەیاننامە و پیرۆزبایی بەبۆنەی ٥١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

خەڵکی و جەماوەر و کادیرە کۆڵنەدەرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هەستێکی پڕ لە شانازی و سەربەرزییەوە، گەرمترین و قۆڵترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی کادیر و لایەنگران و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین، بەبۆنەی پەنجا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم قەڵا تێکۆشەر و پێشەنگە. مێژووی ئەم حزبە، کاروانێکی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەرزی واقیع.

لەم بۆنە ئازیزەدا، بە پێزانین و ئەمەکدارییەوە یاد و هاوکارییە گەورەکان، پشتگیرییە نەگۆڕەکان و هەڵوێستە مێژووییەکانی سەرۆکی نەمر "مام جلال" دەکەینەوە، پێش ئەوەی نەخۆشی لە گۆڕەپانی سیاسی دووری بخاتەوە؛ ئەو سەرکردەیەی کە کۆڵەکەی بنەڕەتیی بۆ پاراستن و خزمەتکردنی پێکهاتەی ئێزیدی و خەڵکی شنگال دانا، و بە ڕاستی باوکی ڕۆحی و پشتیوانێکی بەهێزی ئێمە بوو.

ئێمە ئەمڕۆ، لە سایەی ئەم یادەدا، باس لە ئاوات و خۆزگە ناکەین، بەڵکو بە شانازییەوە ڕاستی و ئەو دەستکەوتانە دەخەینەڕوو کە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ و بە هەوڵ و دڵسۆزیی کادیرەکانمان بەدیهاتوون:

 * **لەسەر ئەرزی واقیع و لە مەیدانی جەنگدا،** دەوری میحوەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کرداری ڕەنگی دایەوە، کاتێک خوێنی تێکۆشەرانی تێکەڵ بە خوێنی هێزەکانی تر و پاڵەوانانی خۆڕاگریی ئێزیدی بوو، تا پێکەوە و بە خوێنی پاکیان، داستانی مێژوویی ڕزگارکردنی شنگال تۆمار بکەن و پشتی تیرۆر بشکێنن.

 * **قۆناغی دوای ڕزگارکردن ئاسان نەبوو،** بەڵام ئێمە بە کردەوە سەرکەوتوو بووین لە چەسپاندنی سەقامگیریی باری ئەمنی و بڵاوکردنەوەی ئارامی لە تەواوی ناوچەکەدا، کە ئەمەش دیارترین دەستکەوتە کە ئەمڕۆ خەڵکەکەمان لە شنگال لە سایەیدا دەژین.

 * **بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە،** هانمەر و پشتبەستنی هاووڵاتیانمان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زێد و ماڵوموڵکی خۆیان، تا دووبارە ڕۆح و ژیان بە شار و گوندەکانیان ببەخشنەوە و بە هیممەت و کارەکانیان، ناسنامەی ڕەسەنی خاکی باوک و باپیرانیان بسەلمێننەوە.

 * **هەوڵەکانمان سەركەوتوو بوون لە دامەزراندنی هەماهەنگییەکی ڕاستەقینە** لە نێوان هێزە سیاسییەکان و سەرجەم پێکهاتەکاندا، کە توانی ڕیزی شنگالییەکان یەکبخات و ببێتە کەناڵێکی فەرمی و کاریگەر بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خەڵک بەوپەڕی دەستپاکی و قورساییەوە بۆ باڵاترین دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە بەغدای پایتەخت.

 * **هەروەها وەک بەربەستێکی پۆڵایین و بە توندی وەستاینەوە** دژی هەموو ئەو پیلان و نەخشەیانەی کە لایەنەکان دەیانویست پێی یاری بە چارەنووس و بەرژەوەندیی شنگال و خەڵکەکەیەوە بکەن، و بە کردەوە سەلماندمان کە بڕیاری شنگال تەنها و تەنها لەلایەن خەڵکە دڵسۆز و شەریفەکەی خۆیەوە دەدرێت.

سەروەری و نەمرانی بۆ شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شەهیدانی خۆڕاگریی ئێزیدی، و بژیت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بەدیهێنەر و دەستەبەرکاری مافی هەموان.

داود جندی شێخ کالۆ
لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی شنگالی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٠٢٦/٥/٣١


پیرۆزبایی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕابردوودا هێزی پارێزەری گەل و نیشتمان بووە، لە ئێستاشدا هێزی ئاوەدانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە و بۆ داهاتووش هێزی حوکمڕانییەکی باش و چەسپاندنی دادپەروەری و دەوڵەتدارییە. بە درێژایی ٥١ ساڵی خەبات، یەکێتی هەمیشە هەڵگری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد بووە و بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی گەل و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان.

کاروانی یەکێتی بەردەوامە؛ لە نەوەی شۆڕشەوە بۆ نەوەی بنیادنان.

لە یادی ئەم بۆنە پیرۆز و شکۆدارەدا، سەری ڕێزمان بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی دادەنێین و بە شانازییەوە یادی سەرۆک مام جەلال و هاوڕێیانی، پێشمەرگە قارەمانەکان، تێکۆشەران و هەموو خەباتگێڕانی ڕێبازی یەکێتی دەکەینەوە؛ ئەوانەی کە بە گیانفیدایی و خۆبەخشین، بناغەی ئێستای کوردستانیان دامەزراند و میراتێکی پیرۆزیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێهێشت.

د. دارا ڕەشید

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم

 

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، پیرۆزبایی ٥١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.

بەبۆنەی (٥١)ــــەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی یەکێتی، پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان، خوێندکاران و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزەفڕی شکۆی نەتەوە، نیشتمان و رابەری نەتەوەییمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی ١-٦-١٩٧٥، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی بڵاوکردەوە لەکاتێکدا باڵی نائومێدی هەموو تاکێکی کورد و کوردستانی گرتبووە خۆی لە ئەنجامی ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول لە ئازاری ١٩٧٥ دا بەمەش ئومێدی بەخشی بە کوردستانییان، شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا کە رۆلی گەورەی لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە بوو؛ هەروەها بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز و داکۆکیکارانی یەکێتی ئامانجە رەواکانی میللەتی کورد هاتەدی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی پێنج دەیە خەبات و تێکۆشاندا، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاراستنی مافە نەتەوەیی، نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان، بەدیهێنانی دەستکەوتە سیاسی، دیموکراسییەکان، ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیر و ئاراستەی سیاسیی جیاواز و فرە حزب هێنایە کایەوە کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.

لەم یادە پیرۆزەدا، بە ڕێز و شانازییەوە یادی شەهیدان و خەباتگێڕانی ڕێگەی ئازادی دەکەینەوە، بە تایبەتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بناغەی ئەم حزبە نیشتمانییەی دانا، بۆیە لە ھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی، حیکمەت، دووربینی و قبوڵکردنی بەرانبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق بووە تیایدا. هەر لەم بۆنە گرنگەدا تەبایی و یەکڕیزی و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان بە پێویست دەزانین.

بەرز و شکۆ داربێت ساڵڕۆژی دامەزارندنی حزبی شەھیدان

دروود بۆ رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان

باڵیۆز د. محەمەد سابیر

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

 

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پەیامی پیرۆزبایی وەزیری پێشمەرگە بەبۆنەی (٥١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی (٥١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (٥٠)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و جەماوەری یەکێتیی دەکەم.

بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە، یادی پڕ لە شانازیی، سەرۆک مام جەلال و سەرکردە نەمرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوی تێکۆشەرانی گەلی کوردستان بەرزڕادەگرین.

لەم ساڵیادەدا، دروود بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان، سڵاو و ڕێز و وەفاداری دەگەیەنین بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و قارەمانەکانی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و سەرجەم شۆڕشگێڕانی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بە خوێن و قوربانیدان و گیانفیدایی بەردەوامی تێکۆشەرانی یەکێتیی و هێزە شۆڕشگێرەکان و پێشمەرگەی کوردستان، بوونە هەوێنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستان؛ سەرکەوتن بەرامبەر رژێمی بەعسی دیکتاتۆر و داگیرکەری کوردستان، بە پشتیوانی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان ئازادی و رزگاری بۆ کوردستان بەدەستهات.

دروود و نەمری بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان
سەربەرزی بۆ کەسوکاری شەهیدان
سڵاو و ڕێز بۆ تێکۆشەران و هێزی پێشمەرگەی کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان


پیرۆزبایی د. رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی

بەبۆنەی یادی (٥١) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (٥٠) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵک و هەڤاڵانی یەکێتی دەکەین.

بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە مەزنە دەکەینەوە کە بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی نەتەوەیی و دیموکراسی گەلەکەمان. 

لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕێباز و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک و ڕابەری کۆچکردوو مام جەلال دادەنەوێنین، کە قوتابخانەی تەبایی و دیالۆگی دامەزراند و یەکێتیی کردە چەتری کۆکەرەوەی تێکۆشەران.

ئەمڕۆ، یەکێتی بەردەوامە لە کاروانە شکۆدارەکەی لەژێر سەرکردایەتی حەکیمانە و بوێرانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، کە بە دیدگایەکی نوێوە یەکێتی بەرەو لوتکە دەبات و پێگەی سیاسی حزبەکە لە عێراق و هەرێم بەهێزتر دەکات. 

ئێمە جەخت دەکەینەوە لە سەر پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو نەتەوە و ئایینەکان، چونکە هێز لە تەبایی و فرەییدایە.

رێبوار تەها
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
  
بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بە بۆنەی(٥١)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەكەین و، هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.  

لەم دەرفەتەدا، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هەماهەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ڕاست و دروستی كێشە و پرسە هەنووكەییە چارەنووسسازەکان و، پاراستنی دەستكەوتەكانمان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان.

جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان