قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین گرفتی وەبەرهێنان چارەسەر دەکات
سەحەر عومەر
٣١ی ئایاری ٢٠٢٦
بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە رێوڕەسمێکدا لە ئیدارەی راپەڕین، دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین بە فەرمی راگەیەنرا و لە ئەمڕۆوە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین دەستپێدەکات.
لە رێوڕەسمەکە کە بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە کونسوڵەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەرمینیا بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران لە وتارێکدا رایگەیاند، پاش توێژینەوە و راوێژێکی زۆر لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتیش حکومەتی بەریتانیا، پڕۆژەی دروستکردنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕینمان دروست کرد.
وتیشی، ئەم دەزگایە وەک چەترێک وایە کە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی دەڤەرەکە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدار دەکات لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئیدارەی راپەڕین.
قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، دەزگاکە جگە لەوەی کە ناوەندێکی توێژینەوەیە، شێوازێکی نوێشە بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە و هەموو گرفتەکانی بەردەم گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا چارەسەر دەکات و هاوکار دەبێت لە جێبەجێکردنی بیرۆکە نوێیەکان و ناوچەکە دەکاتە سەنتەرێک بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتیش حکومەتی بەریتانیای کرد کە پشتیوان و بەشدارن لە پرۆسەی پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین و وتیشی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم مۆدێلە لە پەرەپێدان لە ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.



