دیاردەی خۆڵبارین لە عیراق بووەتە یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵەنگارییە ژینگەیی و تەندروستییەكان
هەساو ئەمیر
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦
ماوەی چەند ساڵێكە دیاردەی خۆڵبارین و زریانە تۆزاوییەكان لە عێراقدا، لە بابەتێكی كەشوهەوای ئاساییەوە گۆڕاون بۆ یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییە ژینگەیی، ئابووری و تەندروستییەكان.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانی و چالاكییە نادروستەكانی مرۆڤەوە، تەمەنی ئەم شەپۆلانە و ڕێژەی چڕیی تۆزەكە بەشێوەیەكی پێوانەیی زیادی كردووە بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا كە ژیان لە زۆرێك لە شارە گەورەكاندا پەكدەخات و هۆشداریی تەندروستیی توند لە لایەن دامەزراوەكانەوە ڕادەگەیەنرێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەكان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ژیان لە زۆرێك لە شارە گەورەكاندا بە تەواوی پەكیدەكەوێت و نەخۆشخانەكانیش دەبنە شوێنی پێشوازیكردن لە هەزاران كەس كە بەدەست كێشەی كۆئەندامی هەناسەدانەوە دەناڵێنن.
شارەزایانی ژینگە ئاماژە بەوە دەكەن ئەم كارەساتە سروشتییە، تەنها دەرئەنجامی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانی نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە زنجیرەیەك فاكتەری مرۆیی و جوگرافیی ناوخۆیی و هەرێمییەوە هەیە.
كەمبوونەوەی توندی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا، بووەتە هۆی وشكبوونەوەی یەكجاریی خاك و گۆڕینی بۆ چینێكی تۆزاویی نەرم كە بە ئاسانی لەگەڵ جووڵەی بادا بەرز دەبێتەوە.
كاتێكیش هیچ پشتێنەیەكی سەوزایی لە دەوروبەری شارەكاندا بوونی نییە، ڕەشەباكان بە بێ هیچ بەربەستێك دەگەنە ناو جەرگەی ناوچە نیشتەجێبووەكان.
هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، سیاستە ئاوییەكانی دەوڵەتانی دراوسێ، بەتایبەت دروستكردنی بەنداوە زەبەلاحەكان لە لایەن توركیا و ئێرانەوە لەسەر سەرچاوەكانی ڕووباری دیجلە و فوڕات، ئاستی ئاوی عێراقی گەیاندووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی، ئەمەش زۆنگاوەكانی وشككردووە و ڕووبەرێكی فراوانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گۆڕیوە بۆ بیابان.
لە ناوەڕاستی بەهار و وەرزی هاویندا، كاتێك پلەكانی گەرما هێڵی پەنجا پلەی سەدی دەبەزێنن، بای شەماڵی وشك و بەهێز لە باكووری ڕۆژاواوە لە بیابانەكانی سووریا و عێراقەوە هەڵدەكات و بڕێكی ئێجگار زۆر لە تۆز ڕادەماڵێت.
پسپۆڕان پێیانوایە بۆ ڕێگریكردن لەم مۆتەكەیە، عێراق پێویستی بە ستراتیژێكی نیشتمانیی خێرا هەیە كە خۆی لە مۆدێرنكردنی كەرتی كشتوكاڵ، گۆڕینی سیستمی ئاودێری بۆ تەكنیكە نوێیەكان و دروستكردنی پشتێنەی سەوزی چڕ لە دەوری شارەكاندا دەبینێتەوە.



