سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمان دەكات لێكۆڵینەوە لە چەند گرێبەستێكی حكومی بكرێت
محەمەد رزگار
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی عیراق لێكۆڵینەوە لە چەند گرێبەستێكی گرنگی وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكان دەكات و دەڵێت، نابێت سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاربهێنرێت.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك گرێبەستی گرنگی وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكان بكرێت، دەشڵێت، ئەو بڕیارەی بە مەبەستی پاراستنی سامانی گشتی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەنگاوەی زەیدی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و پاراستنی سامانی گشتییە و لایەنە چاودێریی و پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بەزوترین كات لێكۆڵینەوە لەو گرێبەستانەی پێشتر بكەن وەزارەتەكان ئیمزایان كردوون، بۆئەوەی بزانرێت تا چەند لەگەڵ یاسا و رێنماییەكاندا دەگونجێن و بەرژەوەندی گشتییان پاراستووە.
راشیگەیاندووە، دەبێت ئەو لایەن و كەسانە دەستنیشان بكرێن كە بەهۆی كەمتەرخەمی یان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی زیانیان بە سامانی گشتیی گەیاندووە، بڕیاریشدراوە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بە زووترین كات رادەستی دادگا بكرێن، بۆئەوەی رێكاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكاران بگیرێتەبەر و سامانی گشتی بپارێزرێت.



