سوپای ئیسرائیل: لە 24 سەعاتدا زیاتر لە 135 ئامانجی حزبوڵامان لە لوبنان بۆردومان کردووە
محەمەد رزگار
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦
بۆردومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشور و باکوری لوبنان بەردەوامە و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت؛ 135 ئامانجی حزبوڵایان بۆردومان کردووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند،هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان توانی شانەیەکی تیرۆریستی لەناو ببات لە کاتی بەجێهێشتنی سەکۆیەکی هاویشتنی موشەکی سەر بە رێکخراوی حزبوڵا لە شاری سوری لوبنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی ئاسمان لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا، زیاتر لە 135 ئامانجی رێکخراوی حزبوڵای لە سور، بیقاع و باشوری لوبنان بۆردومان کردووە.
سوپای ئیسرائل ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 15 سەکۆی هاویشتنی موشەک کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوەکەوە کە بۆ ئاڕاستەکردنی موشەک بەرەو رووی هێزەکانیان و هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەکاردەهێنران، کرانە ئامانج. جگە لەوەش، کەمپێکی مەشق و راهێنانی چەکدارانی حزبوڵا لە ناوچەی بیر ئەلتەل لە بیقاع بۆردومان کرا.
هاوکات لە شەوی رابردوودا، هێزی ئاسمانی هێرشی کردە سەر نزیکەی 15 ژێرخانی سەربازی کە لەلایەن چەکدارانی حزبوڵاوە بەکاردەهێنران.



