سێنتکۆم: هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێرانمان لە کوەیت و گەرووی هورمز تێکشکاند
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦
هێزەکانی کوەیت و ئەمریکا چەند هێرشێکی موشەکی و درۆنیی ئێرانیان لە ناوچەکە پووچەڵکردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، سەعات 10:17ـی شەوی رابردوو، ئێران موشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی خاکی کوەیت کردووە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی بەرگریی کوەیتەوە لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە، سێنتکۆم ئەم هەنگاوەی تاران بە "پێشێلکارییەکی زەقی رێککەوتنی ئاگربەست" لە قەڵەم دەدات.
ئەم هێرشە موشەکییە سەعاتێک دوای ئەوە دێت، کە هێزەکانی ئێران پێنج درۆنی خۆکوژیان لە نزیک گەرووی هورمز جێگیر کردبوو، کە مەترسیی راستەوخۆیان لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی دروستکردبوو، بەڵام سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تێکشکێندران، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە لە ناوچەی بەندەر عەباس، پێش هاویشتنی، دەست بەسەر شەشەمین درۆنی هێرشبەردا بگرن و لەناویدا بەرن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانیان لە ناوچەکە بە هۆشیارییەوە چاودێری رەوشەکە دەکەن و بەردەوام دەبن لە پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانیان لە بەرانبەر ئەوەی بە "دەستدرێژیی بێ پاساوی ئێران" ناویان بردووە.



