بۆ یەکەمجار؛ وردەکاریی برینداربوونی موجتەبا خامنەیی و رەوشی تەندروستیی ئاشکرا دەکرێت
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" زانیاریی نوێ لەسەر برینداربوونی رێبەری باڵای ئێران بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، موجتەبا خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا تەنها تووشی "برینی روکەش" بووە.
بەپێی زانیارییە رەسمییەکانی تاران کە "سی ئێن ئێن" ئاماژەی پێکردوون، موجتەبا خامنەیی لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکەی 28ـی شوباتی رابردوودا بۆ سەر ئێران، تەنها دەموچاو و سەر و قاچەکانی برینداربوون، بەڵام هیچ کام لە ئەندامانی جەستەی تووشی بڕینەوە نەبوون و برینەکانی هێندە قورس نەبوون پێویستیان بە چارەسەری تایبەت یان نەشتەرگەریی هەبێت و ناوبراو لە چەند سەعاتی سەرەتای رۆژی دواتردا نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم روونکردنەوە رەسمییانەی تاران بۆ کەمکردنەوەی قەبارە و کاریگەریی برینەکانی موجتەبا خامنەییە.
لەلایەکی دیکەشەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکی مانگی رابردوودا زانیاریی جیاوازی بڵاوکردبووەوە و ئاشکرای کردبوو، کە دەموچاوی موجتەبا خامنەی تووشی سووتان بووە و یەکێک لە قاچەکانی سێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
هاوکات لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، لێپرسراوانی ئێران بەبەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە، موجتەبا خامنەیی تەندروستی زۆر باشە و لە ئێستاشدا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات، هەروەها دوژمنانی وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندە لەسەر رەوشی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی.



