پەرلەمانتارێكی عیراق: نرخی نەوت لە بودجەی ئەمساڵدا بە نزیكەی 60 دۆلار دانراوە
لاڤە
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦
پەرلەمانتارێكی عیراق نرخی خەمڵێنراوی نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا ئاشكرا دەكات و دەشڵێت پرۆژەیاساكە زیادكردنی داهاتی نانەوتی لە خۆدەگرێت.
حەورا عەزیز موسەوی، لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد، پرۆژە یاسای بودجەی 2026 پشت بە چوار كۆڵەكەی بنەڕەتی دەبەستێت، كە ئەوانیش بریتین لەدەستنیشانكردنی نرخی نەوت بە نزیكەی (60) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، و كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان، زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان، هەروەها كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی دارایی بودجە.
ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆكان لە ناو لیژنەكەدا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی رێگاكانی كەمكردنەوەی كورتهێنانی دارایی، بەتایبەتی لە كاتێكدا پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت روو لە دابەزین بكات.
لەلایەكی دیكەوە، عەلی زیرجاوی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، داوای كرد، پێویستە پلانێكی فریاگوزاری هاوشێوەی یاسای ئاسایشی خۆراك ئامادە بكرێت، بۆ حاڵەتێك ئەگەر نەتوانرا بودجەی 2026 لە وادە دەستوورییەكانی خۆیدا پەسند بكرێت.



