ئیسماعیل بەقائی: هیچ گەرەنتیەك نییە واشنتۆن پابەندی بەڵێنەكانی بێت
لاوەند سالار حەمەد
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریكا تەنها گرنگی بە بەرژەوەندی خۆی دەدات و بەردەوام هەڵوێستەكانی دەگۆڕێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە و تیمی دانوستانکاری ئێران، ئیسماعیل بەقایی جەختی کردەوە کە تاران پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی باشترین شێواز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئێمە بەستراوەی ئەوەوە نین کە دوژمنان چییان دەوێت.
پاشان بەقایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کەس ناتوانێت بڵێت واژۆکردنی رێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نزیک بووەتەوە، پەرەسەندنەکانی ئەم دوایییەش دەرەنجامی گفتوگۆکانی چەند هەفتەی رابردوودان، ئاماژەی بەوەش کرد: وەک چۆن بە هێزەوە لە مەیدانەکانی جەنگدا بەرگریمان دەکرد، بە هەمان شێوەش بە وریایی و چاوی کراوەوە دانوستان دەکەین.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گفتوگۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەنەوە و لە ئێستادا دانوستان لەسەر مەلەفی ئەتۆمی ناکەین، هەروەها وتیشی: هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونی واشنتۆن بە بەڵێنەکانی، ئێمە گوێ بە هەڕەشەکان نادەین و تەرکیزمان لەسەر دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانمانە.
زیادیشی کرد: ئەو وڵاتەی کە لە ماوەی 40 رۆژدا توانی لە بەرامبەر دوو دەوڵەتی ئەتۆمیدا خۆڕاگر بێت، توانای دابینکردنی مافەکانی خۆشی هەیە، روونیشیکردەوە: بۆ حکومەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا هیچ شتێک گرنگ نییە جگە لە (ئیسرائیل)، وە هەر کارێکی دوژمنکارانە دژی ئێران، لە لایەن ئێمەوە بە وەڵامدانەوەیەکی حەتمی روبەڕوو دەبێتەوە.



