بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن، کە ئەو رێککەوتنەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە ئارادایە، "رێککەوتنێکی خراپە"، چونکە مەترسییە سەرەکییەکانی تاران کە لە دەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەن، پشتگوێ دەخات.

لێپرسراوێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی راگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنی کۆتاییش ئیمزا بکرێت و هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراویش لە ئێران ببڕێتە دەرەوە، کە ئەمەش جێی گومانێکی جدییە، هێشتا رێککەوتنەکە چارەسەری بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و ئەو گروپانەی سەر بەئێرانن  لە ناوچەکەدا ناکات.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ئەم رێککەوتنە ئازادیی جوڵەی وڵاتەکەیان لە لوبنان بەرتەسک بکاتەوە و توانای بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی تاران لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.

نیگەرانییەکان لەوەوەیە، کە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکان داواکاریی تارانە بۆ گواستنەوەی حزبوڵا بۆ ناو رێککەوتنی ئاگربەست و راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کە حکومەتی ئێستای ئێران هەرگیز بە تەواوی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و تەنیا دەیەوێت رێککەوتنەکە بۆ کڕینی کات و دواخستنی روبەڕووبوونەوەکان بەکاربهێنێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو،  لە ناوخۆی ئیسرائیلدا هەر رێککەوتنێک رێگە بە ئێران بدات ژێرخانە ئەتۆمییەکەی لەژێر ناوی "پڕۆژەی مەدەنی"دا بهێڵێتەوە، وەک شکستێکی گەورە سەیردەکرێت لە بەرژەوەندی تاران.