ئاژانسێک: رێکەوتنی ئەمریکا و ئێران دوادەکەوێت
بڵند
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦
بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە بەهۆی نەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ و بەئەستەم گەیشتن بە موجتەبا خامنەیی، رەنگە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دوابکەوێت .
ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکییەوە، کە ویستیان بووە ناویان ئاشکرا نەکرێت رایگەیاند، بەهۆی بوونی ئاستەنگ و دژواری لە پەیوەندیکردن لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ئەگەری دواکەوتنی راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، رابەری سێیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ماوەی سێ مانگە هیچ وێنە یان تۆمارێکی دەنگی نوێی بڵاونەکراوەتەوە، لە شوێنێکی نادیاردا خۆی حەشارداوە، کە تەنانەت شاندی دانوستانکاری ئێرانی لەگەڵ ئەمریکاش شوێنەکەی نازانن.
ئاژانسەکە ئەوەشیخستوەتەروو، کە لە ئێستادا پەیوەندیکردن لەگەڵیدا تەنیا لە رێگەی نامەبەرێک یان نێردراوی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت.
پێشتریش ئاماژە بەوە کرابوو کە تەنیا ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، توانای پەیوەندیکردنی راستەوخۆی لەگەڵیدا هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی شەممە، لەرێگەی تویتێکەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەسەر زۆربەی خاڵەکان گەیشتونەتە رێککەوتن.



