وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا ئەگەری ئیمزاکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و شەڕ لەگەڵ ئێران لە ئارادایە و رەنگە هەر ئەمڕۆش بێتە دی و هیوایشی خواست کە بتوانن ئەو ئامانجە بپێکن.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند،  وڵاتەکەی هەموو چانسێک بە دیپلۆماسیەت دەدات بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام پێش ئەوەی بیر لە بژاردەی تربکەنەوە.

رۆبیۆ لەگەڵ ئەوەی گەشبینی خۆی بە رێککەوتن نیشاندەدات هۆشداریشدەدات، کە پێویستە بگەنە رێککەوتنێکی باش، ئەگەر نا بە پێچەوانەوە ناچار دەبن بە شێوازێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکەدابکەن، کە مەبەستی ‌دوبارە هێرشکردنە سەر تارانە.

هاوکات جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل مافی تەواوی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات دژی هەر هێرشێک لە هەر سنورێکەوە بکرێتە سەری.

وەزیرەکەی ئەمریکا هیواشی خواست کە پێش ئەوەی دەست بۆ بژاردەی تر ببەن، لەگەڵ ئێراندا بگەنەرێککەوتن و ئاماژەی بەوەشکرد رەنگە ئەمڕۆ ئەوە روبدات.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی نەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ و بەئەستەم گەیشتن بە موجتەبا خامنەیی، رەنگە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دوابکەوێت.